رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت؛ کوڕەکەی دەڵێت، "پاسەوانێکی باوکم برینداربووە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-7-2022، سۆران حاجی مەسیفی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 2:05 خولەک، دەستڕێژی گولـلە لە ماڵەکەمان کرا و تاوەکو ئێستا نازانین ئەنجامدەرانی کێن."
سۆران حاجی مەسیفی گوتیشی، "گولـلە بەر باڵی پاسەوانێکی باوکم کەوت، بەڵام شەو نەشتەرگەری بۆ کرا و ئێستا تەندروستی جێگیرە."
بە گوتەی سۆرانی حاجی مەسیف، ئەوان گومان لە هیچ کەسێک ناکەن و دوژمنایەتییان لەگەڵ "هیچ کەسێکیشدا نییە."
زیاتر لە 15 گوللـە بەر ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کەوتووە و بەهۆیەوە پاسەوانێکی برینداربووە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 11, 2022
ئومێد خۆشناو بۆ رووداو: ھێزە ئەمنیەکانم راسپاردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەقەکەرەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن
📸 بڵند تاهیر - رووداو pic.twitter.com/mJmsrfdOC2
ماڵی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لە گەڕەکی هەولێری نوێیە؛ سۆران حاجی مەسیف گوتی: "پۆلیس و ئاسایشمان ئاگادارکردووەتەوە و فەرمانی دادوەریان وەرگرتووە و ئەمڕۆ سەیری کامێراکانی چاودێری دەکەن و دەست بە دواداچوون دەکرێت."
لەسەر رووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت، "ھێزە ئەمنیەکانم راسپاردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەقەکەرەکەی سەر ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بدۆزنەوە."


