رووداو - هەولێر
دوای داگەڕانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانەوە بۆ قوڵایی خاکی باشووری کوردستان، نزیکەی 300 کەس لە کادر و ئەندامانی ئەو حیزبانە یان بنەماڵەکانیان لە باشووری کوردستان كوژراون. حیزبەکانی رۆژهەڵات دەڵێن هەمووی ئەو "تیرۆرانە" لەسەر دەستی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران، یان بە بڕیاری ئەوان ئەنجامدراون.
مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێ،" دوای راپەڕین بە گشتی دەورووبەری 300 عەمەلیاتی تیرۆریستی دژی ئەندامانی ئەو حیزبە ئەنجامدراون کە بەهۆیەوە نزیکەی 200 کەس شەهیدبوونە".
مەولودی ئاماژە بەوەش دەکات كە حیزبی دیموکرات لەگەڵ ناوەندە ئەمنی و سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە پەیوەندی دابووە تا چۆنیهتیی ئەو رووداوەو ئەنجامدەرانو پلاندانەرانی ئاشکرابكرێن، بەڵام تا ئێستاش ئەنجامی لێکۆلینەوەکان لەلایەن ئەم ناوەندانەوە نەیتوانیوە حیزبی دیموکرات و بنەماڵەکانی ئەم قوربانییانە بە قەناعەت بگەیەنێ, تاوەکو بڕیاردەر و بکەرانی ئەو تیرۆرانەش سزانەدرێن، دۆسیەی تیرۆرەکان هێشتا کراوەدەبن".
کاوە بەهرامی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەڵێت،" سەردەمی ئەنجامدانی تیرۆرەکان باشووری کوردستان سەقامگیرنەبوو و ئێستاش هەلومەرجەکە بە گونجاو نازانن و لە لێپرسینەوەکردن لەو کەسانەی کە لە تیرۆرەکاندا گڵاون، دڵنیا نین".
کۆمەڵەش 35 کەس لە کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی لەو ماوەیەدا كوژراون. ئەنوەر محەممەدی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە دەڵێت "لەساڵی 1991 لە دەورووبەری رانیە تیرۆرکردنی ئەندامانیان دەستیپێکردووە و دوایینجار لە ساڵی 2012 لە هەولێر ئەندامێکی ئەو حیزبە تیرۆرکراوە". هەروەها چەندینجار هێرشکراوەتە سەر بنکە و ئەندامان و سەرکردایەتی ئەو حیزبە لە باشووری کوردستان.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیش دەڵێت بۆ یەکەمجار لەساڵی 1991 ئەندامێکی ئەو حیزبە لە دەورووبەری رانییە تیرۆرکراوە و دواتر 11 کەسی دیکەشیان هەر لە باشووری کوردستان تیرۆرکراون کە یەکێکیان ئەندامی سەرکردایەتی بووە. ئەو ژمارەیەش جگە لە چەندینجار هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی رێبەرانی ئەو حیزبە و رادەستکردنەوەی پێنج پێشمەرگەی ئەو حیزبە کە سازمانی خەبات، حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە رادەستکردنەوەی ئەو پێشمەرگانە بە حکومەتی ئێران تۆمەتباردەکات.
دوایین هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی رێبەرانی سازمانی خەبات لە ساڵی 2006 ئەنجامدراوە، کە ئەو کەسەی ویستوویەتی تیرۆرەکە بکات لەلایەن پێشمەرگەکانی ئەو حیزبەوە دەستگیردەکرێ و دوای دانپێدانان، رادەستی هێزە ئەمنییەکانی باشووری کوردستان دەکرێ، بەڵام دوای ماوەیەک ئازاددەکرێ.
هەروەها پارتی ئازادی و یەکێتی شۆڕشگێرانیش دەڵێن زیاتر لە 6 جار ئەندامانیان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە تیرۆرکراون کە یەکەمیان دامەزرێنەری ئەو حیزبانە، سەعید یەزدانپەنا بووە. جگە لەو ئامارانەش، لەو ساڵانەدا چەندین کەسایەتی و چالاکڤانی سیاسی سەربەخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور كوژراون کە هێشتا ئاماری ورد لەبارەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەو حیزبانە بۆ هێنانەگۆڕی دۆسیەی ئەندامانی تیرۆرکراویان، چاوەڕێی رۆژێک دەکەن کە بەگوتەی خۆیان هەلومەرج گونجاوبێ و ئەوان لە لێپرسینەوە و سزادانی بکەران، دڵنیابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ