مەلا بەختیار و شاناز؛ دۆخی یەکێتی تا جلوبەرگی مارکە

11-12-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد یەكێتی مەلا بەختیار
A+ A-

رووداو- سلێمانی

لەسەر سازدانی کۆنفرانسی سۆسیال دیموکراتەکان لە سلێمانی، وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە لایەک و کەسە نزیکەکانی مەلا بەختیار لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە، شەڕەقسە لەسەر دۆخی یەکێتی تا جلوبەرگی مارکە رۆشتووە. ئەمجارە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێ مەلا بەختیار دوژمنكارانە وەڵامی داومەتەوە.

مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و نزیک لە باڵی زۆرینە سەرپەرشتی دەکات، کۆنفرانسێک بۆ پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا و جیهانی عەرەبی لە سلێمانی سازدەکات. کۆنفرانسەکە پێش هەموو کەسێک لەنێو ماڵی لێکترازاوی یەکێتی دەنگی ناڕەزایەتی لێ بەرزبووەوە. كۆنفرانسەكە بە بەشداری 41 پارت رۆژی یەكشەممە 11-12-2016 دەستیپێكرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوشکی هێرۆخان، دوو رۆژ پێش ئێستا بە نووسنێکی رەخنەئامێز بێ ناوهێنان هێرشی كردە سەر مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەویش لەڕێگەی کەسێکی نزیکییەوە لە میدیاکەی وەڵامی شانازی دایەوە.

یەکێک لەو بابەتانەی لەنێو وەڵام و وەڵامکارییەکان بووەتە جێی سەرنج جگە لە دۆخی یەکێتی، بریتییە لە جلوبەرگ و پێڵاوی مارکە.

لە وەڵامەکەی مەلا بەختیاردا ناوی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە "شازادە" هێنراوە و تێیدا هاتووە: "مەلا بەختیار لە نیوەی سەدەی رابردووەوە دوای بازرگانی نەكەوتووە. تەمەنی خۆی لە شاخ و خۆشاردنەوە و شەڕ و شۆڕدا بردووەتەسەر و بە ئەندازەی قورسایی جلوبەرگ‌ و خشڵ‌ و پێڵاوی ماركە جۆراوجۆرەكانی گرانبەهای (شازادە)، پێڵاوی لاستیكی دڕیوە".

لە وەڵامەكەدا زۆرتر هاتووە "قەتیش لە حكومەت نەبووە، هەتا بەرپرسیارێتی قەیران هەڵبگرێت‌، وەكو (شازادە)ش بیست ساڵ بەرپرسیاری پەیوەندییەكان ‌و ناوەندی دەرەوە نەبووە، مانگانە سەفتەی دۆلار وەربگرێت‌ بەبێ ئەوەی یەك وەسڵ بداتە ئیدارەی گشتی، كوڕەكەشی مانگانە سەدان هەزار دۆلار هەتا ئێستا وەرناگرێت بۆ كەین ‌و بەینی كرێی سەتەلایتەكان".

لەبەرامبەردا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جارێكی دیكە لە فەیسبووک وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی "برام، خۆ من باسی بۆینباغ و پێڵاوە ئەبو المارکەکانی تۆم نەکردووە تاوەکو تۆ باسی جلوبەرگی من بکەیت، گەر پێت خۆشە باسی نرخی جلوبەرگ بکەین ئاساییە، فەرموو فێستیڤاڵێك لە ژێر دروشمی ( لە پێڵاوی لاستیکەوە تاوەکو قاتی مارکە) ساز بکە".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نووسینێکدا کە شەڕەقسەکەی بەدوای خۆیدا هێنا گوتبووی "لە رۆژێكدا كە میللەتەكەمان نانی نییە بیخوات و هەزار و یەك كێشە بەرۆكی یەكێتییەكەمانی گرتووە، كاكی كارگێڕ كۆنفرانسی پارتە سۆسیالیستەكانی ئەوروپا و مونتەدای سۆسیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبیمان بۆ ساز دەكات! ئەمەش لەكاتێكدایە گەورە و بچووكی حیزبەكەمان چاوەڕوانی بەستنی كۆنگرە و كۆنفرانسی یەكێتین".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گوتبووشی "كار و ئەركی سەرەكی دەستەی كارگێڕی سازدانی فێستیڤاڵ و سیمینار نییە ئەوەندەی راپەڕاندنی كاری رۆژانەی خودی یەكێتییە، پێشم سەیرە لەكاتێكدا هەموو كەناڵە ئاسمانییەكانی یەكێتی لەبەر بێ پارەیی رادەگیرێن! جەنابی یەكێتی بتوانێت لە بنی هەتیتەشدا بێت پارە بۆ كۆنفرانس و میواندارێتی دەیان شاندی بیانیی پەیدا بكات!".

لەبەرامبەردا میدیای مەلا بەختیار لە وەڵامدا رایگەیاند "خەرجی كۆنفرانسەكە پارتە سۆسیالیستەكانی ئەوروپا دابینیان كردووە، بە دابینكردنی مەسرەفی حیزبەكانی جیهانی عەرەبیشەوە. بۆیە، تا ئەم كاتە یەكێتی بۆ كۆنگرەكە یەك دۆلار ‌و یەك دیناری سەرف نەكردووە، هەرچی لەمبارەوە گوترابێت ‌‌و بگوترێت، لە بەخیلی ‌و رق بەولاوە هیچی دیكە نییە".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیشی بەوە تۆمەتبار كرد "لەم كاتەدا كە یەكێتی ‌و كوردستان دووچاری گێچەڵی جۆراوجۆر هاتووە، كەسانی وەكو (شازادە) رەخنەی دوورهاوێژی بێتام‌ و بێ‌ زانیاری دەگرن‌ و هەر خەریكی ئاژاوەی نێو یەكێتی ‌و پارتی، نێو خودی یەكێتی، چەواشەكردنی رای گشتی‌ و درۆهەڵبەستنن".

لە نووسینەکەی خۆیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گوتبووی "حەق وابوو موژدەی بەستنی كۆنگرە و یەكبوونەوە بە ئەندامانی یەكێتی بدرابا نەك بەستنی كۆنفرانس".

بۆ ئەمەش کەسە نزیکەکەی مەلا بەختیار کە وەڵامی دایەوە، نووسیبووی "لەكاتێكدا دڵنیاین (شازادە) ئەو كۆبوونەوانەی بۆ جیابوونەوە پێخۆشە، لە هەمانكاتدا، ئومێدەوارین دادە هێرۆ بۆی روون بكاتەوە كە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لەم مانگەدا بۆ نەكراوە، ئەوەندەی ئێمە بزانین لەسەر داوای دادە هێرۆ و باڤێڵی كوڕی نەكراوە، چونكە هەوڵی ئاشتەوایی نێو یەكێتیی دەدرێت‌، كە (شازادە) زۆری پێناخۆشە، چونكە خەیاڵی وایە ئەگەر جیابوونەوە لەنێو یەكێتیی رووبدات، خۆی بكاتە مەكتەبی سیاسی".

لە نوێترین وەڵامیشدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وەڵامی مەلا بەختیاردا نووسیویەتی "پێشنیازی ئەوە دەکەم دیبەیتێکی کراوە ساز بکەیت و خۆت و هەر هەموو ئەوانەی لە شاشەکاندا بۆ حاڵی خۆتان و میللەت دەکروزێنەوە، بەشداری تێدا بکەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە