رووداو - هەولێر
ئاڵا میقداد، ئەو کچەی بەهۆی پەککەوتنی جگەرەوە ماوەی شەش رۆژە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بێهۆشە، هێشتا جگەری هیچ کەسێکی بۆ نەگونجاوە.
بەگوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی ژین لە هەولێر، دوای راپۆرتەکەی رووداو لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ زیاتر لە 20 کەس کراوە کە ویستوویانە پارچەیەک لە جگەری خۆیان بە ئاڵا ببەخشن، بەڵام سەرجەمیان یەکێک لە مەرجەکانیان تێدا نەبووە.
هەرچەندە ئەو 20 کەس مەرجەکانیان تێدا نەبووە، بەڵام کاژێر 8:00ـی ئەمشەو (سێشەممە 12-2-2019) فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو لە نەخۆخشانەی ژین رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 29 ساڵی خەڵکی سلێمانی سەرجەم مەرجەکانی تێدایە و بڕیارە سبەی پشکنینی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بەتەواوی یەکلابکرێتەوە کە دەتوانێ جگەری ببەخشێت یان نا.
بەگوتەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، جۆری خوێنی ئاڵا ئۆ زائیدە (O+) واتە تەنیا دەتوانێت لە کەسێک جگەر وەربگرێت کە جۆری خوێنی (O- یان O+) بێت، هەروەها تەمەنی ئەو کەسە لەنێوان 18 بۆ 40 ساڵ بێت و جگەرەکێش و ئالوودە بە خواردنەوە کهولییەکانیش نەبێت.
د. دڵشاد شێخانی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و چاندنی جگەر دەڵێت، چارەسەری نەخۆشییەکەی ئاڵا تەنیا چاندنی جگەرە و دەبێت بەخێراییش چاندنی بۆ بکرێت. کاتی کەم لەبەردەست ماوە و هەر کەس مەرجەکانی تێدایە دەتوانێ سەردانی نەخۆشخانەی ژین (لەسەر رێگەی کۆیە) بکات بۆ ئەنجامدانی پشکنین.
ئاڵا میقداد تاقانەی دایک و باوکییەتی، تەنیا دوو هەفتەی دوای ئاهەنگی مارەبڕینی تووشی نەخۆشی کتوپڕی پەککەوتنی جگەر بووە.
ئەم هەواڵە بەردەوام نوێدەکرێتەوە...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ