رووداو دیجیتاڵ
کەمئەندامانی سەنگەر چاوەڕوانی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ بوون، کە لەگەڵ ئەوەدا مووچەی مانگەکانی 9 و 10ـی پار وەربگرن، بەڵام جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێ: "مووچەی دوو مانگی پاریان بۆ نەنێردراوە".
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمئەندامانی سەنگەر کە پێشتر سەر بە یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە بوون و گوازرابوونەوە وەزارەتی دارایی، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی 9 و 10ـی پاریان وەرنەگرتووە".
پێشتر بڕیار بوو مووچەکانی پێشووی کەمئەندامانی سەنگەر لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵدا پێکەوە وەربگرن. بەڵام فەتحوڵڵا عومەر دەڵێت: "مووچەیان بۆ بەسترابوو، بەڵام پارە بۆ مووچەی پاریان خەرج نەکراوە و ئەم مانگەش وەری ناگرن".
ئەو کەمئەندامانەی سەنگەر کە مووچەکەیان گواستراوەتەوە وەزارەتی دارایی، پێشتر لە یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە مووچەیان وەرگرتووە، کە یەکەی 70 سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی داهاتوو شاندێک لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و تاوتوێی نەناردنی پارەی بەشێکی خانەنشینان و ئەو کەمئەندامانەی سەنگەر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان".
10-02-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار وەکو تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینار لە کۆی تەمویلی مووچە نەنێردراوە
وەکو لە تێبینیی نێو راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتبوو، ئەو پارەیەی نەنێردراوە، "بریتییە لە شایستەی چەند مانگی رابردووی زیاتر لە 8000 خانەنشینی سەربازی و شارستانی، کە لە ساڵی رابردوودا خانەنشین کراون، دوای پەسندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە".
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راگەیێندراوی وەزارەتەکەی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند: "رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچە بەپێی بڕگە یاساییەکان و لەسەر بنەمای خەرجیی 1/12ی ساڵانە کراوە، پارەکەش تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە نێردراوە، کە ناویان لە لیستە پەسندکراوەکاندا هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ