وەزارەتی دارایی: هەفتەی داهاتوو بۆ مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر دەچینە بەغدا

12-02-2026
ئارێز خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو شاندێکیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر سەردانی بەغدا دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەغدا 36 ملیار دینار کەمتر لە شایستەی مووچەی هەرێمی کوردستانی ناردووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک لە کەمئەندامانی سەنگەری سەر بە یەکەی 80 لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و رایانگەیاند، مووچەی مانگەکانی 9 و 10ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و داوای مافەکانیان دەکەن.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) وەڵامی داواکاریی ئەو کەمئەندامانەی دایەوە و گوتی: "پرسی مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر لای ئێمە زۆر گرنگە. هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی دارایی بەو مەبەستە دەچێتە بەغدا، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق 36 ملیار دینار کەمتر لە شایستەی دارایی هەرێمی کوردستانی ناردووە و پارەی ئەو پێشمەرگانەش لە چوارچێوەی ئەو پارەیەدا بووە کە کەمکراوەتەوە."
 
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەو پێشمەرگانە، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر یەکەکانی 70 و 80 ژمارەی وردیان لەبەردەست نییە، بەڵام پێشتر نزیکەی 9 هەزار کەس بوون. گوتیشی: "دۆسیەی بەشێکیان گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی، بەڵام بەشێکی دیکەیان هێشتا دۆسیەکانیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە."
 
هونەر جەمال دڵنیایی دایە کەمئەندامانی سەنگەر و رایگەیاند، هەر کاتێک دۆسیەکانیان بە تەواوی گواسترایەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی دارایی و بودجەی پێویست لە بەغداوە هات، "هەموو ئەو مووچانەی پێشتر فەوتاون و وەریان نەگرتووە، بەیەکەوە وەردەگرنەوە." راشیگەیاند کە بۆ ئەم مانگە (مانگی یەک) مووچەکانیان وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەنداوی دووکان. وێنە رووداو

بەڕێوەبەری بەنداوەكان: ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان گەیشتە پێنج ملیار و نیو مەتر سێجا

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم وەرزەی بارانباریندا داهاتی ئاوی هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان پێنج ملیار و نیو مەتر سێجا بووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی بەنداوە بچووک و مامەناوەندەکان سەرڕێژ بوون.