نیوەی جووتیارانی کەرکووک پارەی گەنمیان وەرنەگرتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 8 مانگ بەسەر وەرزی دروێنە و رادەستکردنی گەنم، هێشتا نیوەی جووتیارانی پارێزگای کەرکووک شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووکیش دەڵێت، "کێشەکە پەیوەندی بە نەبوونی نەختینەوە هەیە لە وەزارەتی دارایی عێراق."
 
"هێشتا 400 جووتیار لەپێش من ماون"
 
محەممەد عەلی، یەکێک لە جووتیارانی دەشتی شێخبزێنی کەرکووکە و یەکێکە لەو هەزاران جووتیارەی تاوەکو ئێستا چاوەڕێی پارەی رەنجەکەی دەکات. بە رادیۆی رووداوی گوت: "من 26 تۆن و نیو گەنمی خۆم لە 15ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو رادەستی سایلۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک دینارم وەرنەگرتووە. زنجیرەی من 3661ـە و هێشتا 400 جووتیار لە پێش منەوەن."
 
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا ئەو جووتیارانەی بڕی گەنمەکەیان لەنێوان یەک بۆ 25 تۆن بووە پارەیان وەرگرتووە، بەڵام "ئەوانەی لە 25 تۆن بەرەو سەرەوەن، هیچیان وەرنەگرتووە."
 
زیاتر لە 200 ملیار دینار لای بەغدایە
 
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری لقی کەرکووکی کۆمپانیای گشتیی بازرگاینی دانەوێڵە، جەخت دەکاتەوە کە کێشەکە لە سایلۆکاندا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تەرخانکردنی بودجەوە هەیە لە بەغداوە. ئەو بە رووداوی گوت: "کۆی پارەی گەنمی کەرکووک نزیکەی 413 ملیار دینارە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی 48%ـی خەرجکراوە، واتە زیاتر لە 200 ملیار دیناری جووتیاران ماوەتەوە."
 
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک، لە کۆی پێنج هەزار جووتیار کە گەنمیان رادەست کردووە، نزیکەی 2600 جووتیاریان هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی پارەکانیان دەکەن.
 
"نەبوونی نەختینە گرفتەکەیە"
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژە بەوە دەکات، پاساوی حکومەتی عێراق بۆ دواکەوتنی پارەکە "نەبوونی نەختینە (سیولە)"ـیە. گوتیشی: "ئەم کێشەیە تەنیا لە کەرکووک نییە، لە پارێزگاکانی دیکە و هەرێمی کوردستانیش هەیە، بەڵام لە کەرکووک زۆرترە."
 
پلان و نرخەکان بۆ وەرزی نوێ
 
بۆ ساڵی 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوی لە سەرانسەری عێراق لەنێو پلانی کشتوکاڵدایە بۆ چاندنی گەنم، کە ئەوەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە لە ساڵی 2024دا رێگەی پێدرابوو.
 
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنم کە بە شێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێنرابێت بە 850 هەزار دینار دیاریکراوە، و ئەو گەنمەشی بە شێوازی کۆن ئاودراوە هەر تۆنێکی بە 800 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێتەوە. لە پارێزگای کەرکووکدا چوار سایلۆ (کەرکووک، زاب، حەویجە و تازە) گەنم لە جووتیاران وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە