رووداو - هەولێر
مستەفا بارزانی یەکێکە لەو سەرکردانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی دونیادا هەبووە و ئەرشیڤی چاپەکانی ئێرانیش ئەمە نیشان دەدەن، لە کتێبێکی نوێدا کە ئەو ئەرشیڤەی بارزانیی تێدا کۆکراوەتەوە ئەم پەیوەندییەی بارزانی بە رۆژنامەڤانانی جیهان زۆر بە روونی دەردەکەوێت.
بەهرام وەڵەدبەگی، نووسەر و رۆژنامەڤان کە ئەرشیڤی هەڤپەیڤینەکانی مستەفا بارزانیی لە توێی کتێبە 900 لاپەڕەییەکەدا کۆکردووەتەوە دەڵێ " بەهۆی ئەو پەیوەندییەی مەلا مستەفا لەگەڵ رۆژنامەڤاناندا هەیبووە توانیویەتی شۆڕشی کوردستان بەتایبەتی شۆڕشی ئەیلوول بکاتە شۆڕشێکی جیهانی و، مەسەلە کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بباتە ئەوروپا و ئەمریکا".
بەپێی گوتەی بەهرام وەڵەدبەگی" کتێبەکە، کتێبێکی مێژوویی ژورنالیستیکییە، بە شێوەیەکی نوێ نووسراوە و کارێکی پڕۆفیشناڵەیە و هەموو ئەو هەڤپەیڤینانەی بارزانی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی دونیا کردوونی و لە رۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، تێیدا کۆکراونەتەوە".
کتێبەکە بەناونیشانی " بەر تاریکێ توفان: مولا موستەفا بارزانی" ماوەی 20 رۆژی دیکە لە پێشەنگای کتێبی تاران پەردەی لەسەر لادەدرێت، پاشان بۆ پێنج زمانی دیکە: کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی و رووسی وەردەگێڕدرێت و بڵاودەکرێتەوە.
بۆچی ئەم ئەرشیڤە کۆکراوەتەوە ؟
بەهرام وەڵەدبەگی، لەبارەی هۆکاری کۆکردنەوەی ئەم ئەرشیڤە دەڵێ " ئێمە میلەتێکین لەرووی مێژووەوە زۆر دەوڵەمەندین، ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئەرشیڤی لەسەر مێژووی کورد هەیە، بۆیە ویستمان لەرێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئەرشیڤی کورد لە سەنتەرەکانی ئەرشیڤی ئێراندا بهێنینە دەرەوە و بەشێوەیەکی مۆدێرن لەسەری کاربکەین. ئەمەش یەکەم بەرهەمی ئەو پڕۆژەیە".
هەزاران لاپەڕەی دۆکیومێنت و ئەرشیڤ لەبارەی بارزانی و کورد لە سەنتەرەکانی ئەرشیڤی ئێراندا هەن. ئەو هەڤپەیڤینانەش کە لەگەڵ مستەفا بارزانی کراون زۆربەیان ئەوانەن کە رۆژنامەنووسانی ئەمریکی و ئەوروپی لەگەڵ بارزانی ئەنجامیان داوە، بەڵام بەپێی گوتەی بەهرام وەڵەدبەگی : لە تەمەنی خۆیدا تەنیا سێ رۆژنامەنووسی ئێرانی هەڤپەیڤینیان لەگەڵ بارزانی ئەنجامداوە.
سانسۆر لەسەر هەواڵی تایبەت بە بارزانی و کوردستان هەبووە لەسەردەمی شای ئێراندا
لەبارەی هۆکاری کەمی هەڤپەیڤینەکانی رژنامەنووسانی ئێرانی لەگەڵ بارزانی بەهرام وەڵەدبەگی دەڵێ " لە سەردەمی شا سانسۆر لەسەر رۆژنامەکانی ئێران هەبووە و، ئێرانیش زۆر مۆڵەتی نەداوە رۆژنامەنووسانی ئێرانی زۆر هاتوچۆی کوردستان بکەن".
بەگوتەی ئەو "دکتۆر مەنسوری تاراجی، سەرنووسەری ئەوکاتەی رۆژنامەی ئیتیلاعات یەکەم رۆژنامەنووسی ئێرانییە، هاتووە لە حاجی ئۆمەران هەڤپەیڤینێکی تێروتەسەلی لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانی کردووە. دواتر جەهانگیری بەلووچ، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا کردووە، ئەمەش هەڤپەیڤینیکی سیاسی بووە کاتی خۆی حکومەتی شا مۆڵەتی نەداوە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دوای شۆڕشی ئێران بڵاوبووەتەوە".
مستەفا بارزانی کاریگەری لەسەر رۆشنبیرانی ئێران هەبووە
بەهرام وەڵەدبەگی باس لەوە دەکات "داریووشی فرووهەر و پەروێزی وەرجاوەند، دوو وەزیری سەردەمی کابینەی بازرگان بوونە و پێیان وابووە بارزانی وەکو یەکێک لە رابەرانی ناوچەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رۆشنبیران و بیری سیاسیی ئێراندا هەبووە، بەجۆرێک شا هەندێک قسەی لەبارەی کوردەوە کوردووە کە وەکو کوردێک دەرکەوتووە، چونکە وسفی کوردی کردووە، بەڵام وەکو سیستم زۆر هاوڕا نەبوونە لەگەڵ شۆڕشی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ