گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرای کفری، یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییەکانی قەزای کفری، تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵە، مەترسیی رووخانی لەسەربوو، ئێستا دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە لەسەر هەمان شێوازی کۆنی خۆی.
 
عوبێد محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای سەردانێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری نۆژەنکردنەوە بۆ سەرای کفری دەرچوو. ئێرە تاکە شوێنی کەلەپوورییە کە وەکو خۆی ماوەتەوە، بەشی زۆری شوێنەکانی دیکەی کفری رووخاون و پشتگوێخراون".
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری ئاماژەی بەوەش کرد، دوای نۆژەنکردنەوەی شوێنەکە، وەکو باڵەخانەی شوێنەواری کفری بەکاریدەهێنن و بەشێکیشی دەکەنە ناوەندی رۆشنبیری و مۆزەخانە و بۆ مەبەستی گەشتیارییش بەکاریدەهێنن.
 
سەرای کفری رووبەرەکەی 456 مەتر دووجایە، پێکهاتووە لە دوو نهۆم، شێوەیەکی لاکێشەیی هەیە و دوو دەروازەی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان لە باکووری قەزاکەیە و ئەوی دیکەشیان لە باشوورە، ئەو کەرەستانەی تێیدا بەکارهاتوون هەمووی هی ناوچەی قەوای کفرییە، باڵەخانەکە لە گەچ و بەرد و قسڵ دروستکراوە.
 
ئەم سەرایە لە ساڵی 1919 لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراوە و تاوەکو کۆتایی ساڵانی 1970 وەکو فەرمانگەی میری بەکارهاتووە.
 
قەزای کفری شارۆچکەیەکی دێرینی باشووری کوردستانە، چەندین شوێنی کەلەپووری و شوێنەواری تێدایە، بەشی زۆری دانیشتووانی کوردن، تورکمان و عەرەبیش تێیدا دەژین. قەزاکە دەکەوێتە دووریی 122 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووکەوە.