رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پاشماوەی تەقەمەنییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پووچەڵ دەکرێنەوە و دەتەقێنرێنەوە. دڵنیاییش دەداتە خەڵک لەو دەنگانەی دەبیسترێن و دەڵێت، جێی نیگەرانیی نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئەمیر ئەلموئمنین، لقی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئیلام راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بە پووچەڵکردنەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاژێر 4:00ـەوە تاوەکو کاژێر 07:00ی ئیوارە لە سنووری شارەکانی چەوار و ئیلام، پڕۆسەی لەنێوبردنی پاشماوەی ئەو تەقەمەنییانە بەڕێوەدەچێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو ناوچەیە مابوونەوە.
سوپای پاسداران دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە کە بیستنی دەنگی تەقینەوەکان جێی نیگەرانیی نییە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی جڵەوکراو ئەنجام دەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا، پارێزگای ئیلام یەکێک لەو ناوچانە بوو کە رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەوە.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 ئاگربەستێکی دووهەفتەیی لە نێوان لایەنەکان راگەیێندرا.
رۆژی شەممەش دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن و دانوستاندنەکان شکستیان هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ