رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی دزیی راگەیاند، کە لە شاری هەولێر رێگرییان لە خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو کردبوو و هەوڵیان دابوو بە هەڕەشەی چەک پارەی لێ بستێنن.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر باندێکی دزیکردنیان دەستگیر کردووە کە پێکهاتوون لە چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی ( م ، ب ، ع )، ( س ، م ، ب )، ( ع ، م ، ئـ ) و ( ع ، م ، ئـ ).
لەبارەی وردەکاریی کارەکەیان، ئاسایشی هەولێر دەڵێ: "تۆمەتبارەکان هەڵسابوون بە رێگری و هەڵکوتانە سەر هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر کە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی هەیە؛ دوای ئەوەی چاودێریی هاووڵاتییەکەیان کردووە، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە رێگرییان لێکردووە و لەژێر هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکدا هەوڵیان داوە پارەکانی لێ وەربگرن".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا سوپاسی هاووڵاتیانی کرد کە هاوکار بوون لە پێدانی زانیاری بە هێزە ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ