رووداو دیجیتاڵ
لە ئاکرێ بەرهەمی خەیاری خۆماڵی هێندە زۆر بووە نرخی ئەو بەرهەمەی لە بازاڕەکانی نێوخۆدا دابەزاندووە، تەنانەت جووتیاران ناتوانن تێچووی بەرهەمهێنان دەربهێننەوە. بەشێکیشیان ناچار بوون بەرهەمەکانیان کۆنەکەنەوە، یان فڕێیدەدەن.
مام ئەحمەد، جووتیارێکی دانیشتووی گوندی جولێرێیە لە سنووری ئاکرێ. خاوەنی پێنج خانووی پلاستیکییە و دوو ملیۆن دیناری بۆ بەرهەمی ئەم ساڵی خەرج کردووە، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخەوە، تاوەکو ئێستا نیوەی تێچووەکەشی بۆ نەگەڕاوەتەوە. ئەو دوو رۆژ جارێک نزیکەی دوو تۆن بەرهەمی هەیە، بەڵام نرخەکەی شایانی ئەو ماندووبوونە نییە.
مام ئەحمەد بە رووداوی گوت: "دوێنێ دوو تۆنمان بردە بازاڕی ئاکرێ و هەمووی بە 240 هەزار دینار فرۆشرا. ئەمە کرێی ماندووبوونیشمان دەرناهێنێت و تەنانەت بەقاڵەکانیش لێمان ناکڕن."
ئێستا نرخی یەک کیلۆ خەیار لە بازاڕەکانی ئاکرێدا لەنێوان 100 بۆ 150 دینارە. ئەم نرخە کەمە وایکردووە بەشێک لە جووتیاران واز لە چنینەوەی بەرهەمەکانیان بهێنن و لەسەر زەوی بەجێیبهێڵن، بەشێکی دیکەش دوای چنینەوە فڕێی دەدەن.
هەندێک لە جووتیاران بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بە بازرگانان دەفرۆشن و ئەوانی دیکەش خۆیان دەیبەنە عەلوەکانی ئاکرێ، هەولێر و مووسڵ، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، "پارەی گواستنەوە و بەنزینەکەشی دەرناهێنێت."
جەگەر شاکر، جووتیارێکی دیکەیە و سکاڵای لە زیانەکان هەیە. بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ سێ ملیۆن دینارم خەرج کردووە، تاوەکو ئێستا ملیۆنێکیشم دەستنەکەوتووەتەوە. ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، 100% زەرەر دەکەم."
شارەزایانی بواری کشتوکاڵ هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بۆ زۆریی بەرهەم و "نەبوونی پلانی تۆکمە" دەگەڕێننەوە. زۆربەی جووتیاران لە "یەک کاتدا و تەنیا یەک جۆر بەرهەم (خەیار) دەچێنن، ئەمەش وادەکات لەناکاو بڕێکی زۆر بەرهەم بکەوێتە بازاڕەوە و نرخەکەی بەخێرایی داببەزێت."
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ هەنگاویان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران. عیماد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە وەکالەت، رایگەیاند: "وەک ئاسانکارییەک، چەندین نووسراوی فەرمیمان بۆ جووتیاران کردووە تاوەکو بتوانن بەرهەمەکانیان بەرنە بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق. هاوکات باجیشمان خستووەتە سەر خەیاری هاوردەکراوی بیانی بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ."
لە سنووری قەزای ئاکرێ هەزار و 600 خانووی پلاستیکی هەن، کە رۆژانە زیاتر لە 50 تۆن خەیار دەخەنە بازاڕەکانەوە. ئەم بڕە زۆرە لە بەرهەم، لەگەڵ نەبوونی کارگەی پیشەسازیی کشتوکاڵی و پلانی ساخکردنەوە، بووەتە هۆی ئەوەی ماندووبوونی ساڵێکی جووتیاران بەفیڕۆ بڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ