رووداو - سلێمانی
گۆرانی ئینزیبات، گۆرانیبێژی ناسراو و بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان گوتارێک لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەنووسێت و دەڵێت "مادام دووژمنی تورکیا و ئێرانە، دۆستی منە".
لە گوتارەکەیدا لە فەیسبووکی خۆی، گۆرانی ئینزیبات دەڵێت "تورکیا و ئێران دوو دەوڵەتی زلهێزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، کە هەمیشە بەداگیرکاری و کوشتار و جەنگی خوێناوی ناوزەندبوونە، دوو دەوڵەت کە هاوسنوورن لەگەڵ کوردستان و بەردەوام بوونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ گەلی کورد، چەندینجار بوونەتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ و رشتنی خوێنی هەزاران گەنج و پیر، ژن و منداڵی ئەم نیشتمانە بێ دایکە".
گۆرانی ئینزیبات نوسیوویەتی "ئامانجی هەمیشەیی ئەم دوو دەوڵەتە (تورکیا و ئێران) ئەوە بووە بە سیاسەتەکانیان دەستوەربدەنە ئەم پارچە رزگاربووەی کوردستان و سێ پارچەکەی دیکە، هەر لایەکیان بەجۆرێک مەرامەکانی خۆیان تێدا بەدیبهێنێنن، هەر یەکەیان و بەزۆرداری پارچەیەکیان لە دڵی کوردستانی گەورە زەوتکردووە و دانیشتووانەکەیان بە دڕندانەترین شێواز دەچەوسێننەوە".
گۆرانی ئینزیبات ئاماژە بەوە دەکات، هەموو کوردێک لەسەریەتی سوپاسی خودا بکات کە "ترەمپ-ێکی کردووە بە سەرۆک و باڵادەست و کردوویەتی بە ئیزرائیل بۆیان، لەماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا توانی ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزە لە بەرزترین ئاستدا بگەیێنێتە لێواری مەرگ، بەهۆی بارودۆخی ئابورییەوە ئەو دوو دەوڵەتە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە بەچۆکدا هاتوون".
ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆتایی گوتارەکەیدا دەڵێت "دووژمنی دووژمنەکەم دۆستمە".
گۆرانی ئینزیبات یەکێکە لە دیارترین گۆرانیبێژە میللییەکی کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە کاردەکات و لەکاتی بانگەشەشدا بە هونەرەکەی پشتیوانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ