ئومێد سەباح بۆ رووداو: بەڵێن لە سوودانی وەرگیراوە ئەم هەفتەیە بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێ

12-10-2025
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەڵێن لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق وەرگیراوە کە ئەم هەفتەیە بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کاتێک ئەو بڕیارە درا، داهاتی نانەوتی دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.  
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 12-10-2025 بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپاسی وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین. هەفتەی رابردوو لەگەڵ هەر چواریاندا قسەمان کرد. پەیامێکمان ناردبوو و بە سوپاسەوە پەیامەکەیان گەیاندبووە دەستی جەنابی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، بەڕێز سوودانی. سوپاسی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ دەکەین کە تێگەیشتنی بۆ داواکارییەکان هەبووە و لەوێش ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە پرسی نەوت جێبەجێ کردووە و لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا ئامادەیە بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەدوای بڕیاری خەرجکردنی مووچە دەستبەجێ بنێرێ". 
 
ئومێد سەباح دەڵێت: "وەزیرە کوردەکان پەیام و بەڵێنێکیان لە جەنابی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ وەرگرتووە کە لەم هەفتەیەدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێ. ئەگەر لەم هەفتەیەدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێ، ئێمەش دەستبەجێ پشکی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری رووداودا کە ئایا ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئاب دەنێردرێ؟ ئومێد سەباح گوتی، ئەوە لەسەر حکومەتی فیدراڵی دەوەستێ و کەی ئەوان بڕیاری خەرجکردنی مووچەیان دا، دەستبەجێ پشکی فیدراڵی لە داهاتی نێوخۆ دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ. 
 
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارەیەی کە دەبێت وەک پشکی فیدراڵی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، "ئامادەیە". 
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا چاوەڕوان دەکرێ پێش هەڵبژاردن دوو مووچە بنێردرێ، گوتی، ئەو پرسیارە دەبێ لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و حکومەتی فیدراڵ بکرێ و رایگەیاند: "ئێمە لیستی مووچەمان ناردووە. ئێستا لەسەر حکومەتی فیدراڵییە کە وەڵامی ئێمە بداتەوە، واتە بڕیارەکە لای حکومەتی فیدراڵییە"، بەڵام کاریشی بۆ دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.