سیهاد بارزانی: لەئێستاوە گرتنەوەی شنگال پیرۆزە

12-11-2015
هێڤیدار ئەحمەد
...
...
نیشانەکردن سیهاد بارزانی شنگال
A+ A-

رووداو- شنگال

سیهاد بارزانی لەئێستاوە گرتنەوەی شنگال لەژێر دەستی داعش لە خەڵكی كوردستان پیرۆزدەكات و دەشڵێت زیاتر لە 100 چەكداری داعش كوژراون. 

سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزی پشتیوانی یەكی هێزی پێشمەرگە، لە بەرەی پێشەوەی هێرشی پێشمەرگە بۆسەر شنگال قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو كرد و گوتی " ئەوەی پێویست بوو كردمان و شنگالمان لەدەستی داعش دەرهێنا". 

سیهاد بارزانی كە برای مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، پیرۆزبایی لە خەڵكی شنگال و كوردستان كرد و گوتی " بەبۆنەی رزگاركردنی شنگال پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆك دەكەم". سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات فەرمادەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، لەسەر چیای شنگالەوە خۆی سەرپەرشتی هێرشی پێشمەرگە دەكات كە لەسەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە لە سێ قۆڵەوە دەستیپێكردووە.   

سەبارەت بە پاككردنەوەی تەواوی شنگال لە داعش، فەرماندەی هێزی پشتیوانی یەكی پێشمەرگە گوتی " بۆچوونە نێو شنگل كێشەی بۆمبی چێندراومان هەیە، بۆیە هێواش هێواش دەچینە پێشەوە، باوڕناكەم كەسی تێدا مابێت، هەر خۆكوژ و چەكدارێكیش مابێت دەكوژرێت".

لەبارەی پێویستی پێشمەرگە بە چەكی قورس سیهاد بارزانی گوتی " پێویستمان بە تانكی نوێ، تۆپ و راجیمە، گوللە و جباخانە هەیە". گوتیشی " یەك گوللەمان لە هاوپەیمانان وەرنەگرتووە، ئەو چەكانەی هەمانن ساڵی 2003 لەكاتی رووخانی رژێمی سەدام حوسێن كۆمانكردوونەتەوە، ئەوكاتیش دەیانگوت نابێت ئەو چەكانە ببەن".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئەڵمانیا و كەنەدا و چەند وڵاتێكی ديكە دەڵێن ئەمریكا ناهێلێت چەكی قورس بەپ ێشمەرگە بدەن، سیهاد بارزانی گوتی " هیودارین ئەمریكا پێداچوونە بە سیاسەتی خۆی بكات و چەكمان بۆ بنێرێت، چونكە ناوچەكە وایە داعشیش تەواوبێت داعشێكی دیكە دروستدەبێت، بۆیە پێویستمان بە چەكە بۆ پاراستنی خۆمان و دۆستانمان".

لەبارەی جیاوازی پێشمەرگە و سوپای عێراق كە چەند مانگێكە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەنبار دەستیپێكردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتوانراوە شاری رومادی كۆنترۆڵبكرێتەوە، كەچی پێشمەرگە بەردەوام لەپێشڕەویدایە، سیهاد بارزانی گوتی "  پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق جیاوازی هەیە، عێراق سوپای نییە، دووجارە ئەمریكا سوپای عێراق پڕچەك دەكات و ئەوانیش بۆ داعشی جێدەهێڵن، داعش بێ كێشە و بێ بەرامبەر چەكی لە ئەمریكا دەستدەكەوێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە