رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەنێو لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا تەنیا ئەوان توانیویانە لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماسدا کۆببنەوە، لە کۆبوونەوەکانیشیاندا، سەرکردەکانی حەماس گوتوویانە، "ئەگەر بە دەست ئێمە بێت مافەکانی کورد دەپارێزین."
د. عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات باسی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس کرد لە تورکیا کە لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس پێکهاتبوون لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشوو و بەرپرسی ئێستای هەرێمیی دەرەوەی حەماس.
لەنێو لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تەنیا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەو دیدارەدا بەشداربووە. عەبدوڵڵا وەرتی گوتی، گەلی کورد و گەلی فەلەستین هاوسۆزییان هەیە بۆ یەکدی و "رەوتە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان لەگەڵ هاوبیرەکانیان لە دەرەوە هەیە، بەڵام هاوسۆزییەکی نەتەوەیی لەنێوان گەلی کورد و گەلی فەلەستین هەیە چونکە هەردووکیان ستەملێکراون."
بزووتنەوەی ئیسلامی وەکو گوتەبێژەکەی ئاشکرایکرد، لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس پەیوەندییەکی "سیستماتیک"یان هەیە. "لە کۆبوونەوەکەدا خالید مەشعەل گوتی، 'ئەگەر بە دەستی من بێت، دەبێت مافەکانی کورد بدرێت.'
رۆژی شەممە، 09-12-2023، شاندێکی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کە پێکهاتبوو لە عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی؛ کەمال زراری، ئەندامی سەرکردایەتی و ئارام ئەحمەد، نوێنەری بزووتنەوە لە تورکیا، لەگەڵ شاندێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەوە.
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، د. عەبدوڵڵا وەرتی دەڵێت، هەڵوێستیان بەهێز نەبووە و هیچ وڵاتێک ئامادە نییە پشتیوانیی بزووتنەوەی حەماس بکات، بۆیە فەلەستینییەکان ئێستا بە تەنیا لە مەیدانی جەنگدا ماونەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سیمپۆزیۆمێکدا لە هەولێر رایگەیاند، لەم ماوەیەدا شاندێکی حەماس لە هەرێمی کوردستان بوون و باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی 7ـی ئۆکتۆبەریان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ