رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دۆخی ئاڵۆزیی نێوخۆی ئێرانەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تاران هەڵوەشانەوە، لە هەولێر گەشت بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک دەڵێت: "چاوەڕێی فەرمانین و پێدەچێت هەڵوەشێتەوە".
بەگوێرەی خشتەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بڕیارە کاژێر 01:50ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەیەکی ئێران لە تارانەوە بگاتە هەولێر و کاژێر 03:05ـی دوای نیوەڕۆ بگەڕێتەوە تاران.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لەلایەنی ئێمەوە هیچ گەشتێکمان بۆ تاران رانەگیراوە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا (کاژێر 11:00) هیچ ئیمەیلێکمان بۆ نەهاتووە ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی تاران بکات، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە گەشتەکە ناکرێت و بەهۆی دۆخی وڵاتەکەوە ئێران خۆی هەڵیدەوەشێنێتەوە".
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ گەشتمان بۆ تاران نییە، سبەی و 18ـی مانگ گەشت هەن، بەڵام پەیاممان بۆ هاتووە گەشتەکان هەڵوەشاونەتەوە".
بەهۆی ئاڵۆزیی و خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، چەند کۆمپانیایەکی ئەرووپی و تورکی گەشتەکانیان بۆ تاران هەڵوەشاندووەتەوە. سەرچاوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گوتی، بە ئیمەیل ئاگادار کراونەتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان، بەڵام هۆکارەکەیان پێ نەگوتراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ