رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو چەند دەنگێکی بەهێز لە کەرکووک بیستران و هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە شارەکە دەڵێ، چوار مووشەک ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کران، بەڵام ئامانجیان نەپێکا و هیچ زیانێکیان نەبوو.
پەیامنێری رووداو گوتی، دوو سەکۆی هەڵدانی مووشەک لەنێوان گەڕەکەکانی کوردستان و عەمەل شەعبی لەنێو هەیکەلی خانوویەکی تەواونەکراودا دۆزرانەوە کە لێیانەوە چوار مووشەک ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن کرابوو و مووشەکێکی دیکەش لەوێ مابوو و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵگیرایەوە.
هیوا حوسامەدین ئەوەی خستەڕوو، دوو لە مووشەکەکان کەوتبوونە نێو گۆڕەپانێکی سەربازگەی کەی وەن و یەکێکی دیکەشیان کەوتووەتە گوندی گۆمەتلەر نزیک لە سەربازگەکە و ئەوی دیکەشیان کەوتووەتە زەوییەکی کشتوکاڵی.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رودواو گوتی، هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و کێوماڵی ناوچەکەش دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هێرشەکە لە لایەن کێوە ئەنجام دراوە.
پەیامنێری رووداو گوتی، روونە کە سەکۆکان دروستکراوی نێوخۆی عێراقن.
هیوا حوسامەدین ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی زۆری ناوچەکە چۆڵە و تاوەکو ئێستاش کەس دەستگیرنەکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دۆزینەوەی شوێنی ئاراستەکردنی مووشەکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نزیکەی 20 خولەکی خایاندووە.
هاوکات زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، ئەمشەو دووجار دەنگی تەقینەوە لە بەغدا بیسترا، بەڵام ئەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، سێ راگەیێندراویان هەبووە و دەڵێن، سێجار هێرشیان کردوەتە سەر بنکەی ڤیکتری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ