رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەشێکی هەرێمی کوردستان باران دەبارێ و سبەیش لەسەرجەم ناوچەکان. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، لە چەم و ناوچە نزمەکان "لافاو" دروستبێت و رۆژانی جەژنیش باران ببارێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕ پچڕی دەبارێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "لە نیوەڕۆدا شەپۆلێکی بارانبارین روو دەکاتە ناوچەکەمان، سەرەتا نمەباران دەبێ، دواتر دابارین زیاد دەکات و لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و بەردەوام دەبێت".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەپۆلەکە کە نیوەڕۆی سبەی دەستپێدەکات تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێ، لەو ماوەیەدا ئەگەری لافاو لە شوێنە نزمەکان، دۆڵ و چەمەکان هەیە و ئاستی ئاوی رووبارەکانیش زۆر بەرزدەبێتەوە".
ئەو کەشناسە پێشبینی کرد: "ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە، بەتایبەت یەکشەممە. هەروەها پێشبینی هاتنی تۆزوخۆڵ و بارانی قوڕاویش دەکرێت".
موفتی گوتی: "پێشبینی دەکرێ کۆتایی مانگی رەمەزان شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و رۆژانی جەژنیش بارانبارین بەردەوام بێ".
لەبارەی پلەی گەرماوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 17 پلەی سیلیزی
پیرمام: 12 پلەی سیلیزی
سۆران: 13 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 2 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 19 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ