رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق دڵنیایی دەداتە هەرێمی کوردستان کە سەرجەم ناوە جوگرافی و مێژووییەکانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، وەک خۆیان و بەبێ هیچ دەستکارییەک لە "فەرهەنگی نیشتمانیی عێراق"دا جێگیر دەکرێن. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، "هەر ناوێک لیژنەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکەن، بە فەرمی پەسند دەکرێت."
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-04-2026، لە شاری دهۆک بە سەرپەرشتی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە ئامادەبوونی سەعید جەیاشی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکان، کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی ناوە جوگرافییەکان بەڕێوەچوو.
سەعید جەیاشی، سەرۆکی لیژنەی فەرهەنگی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان چوار لیژنەی لاوەکی هەن، لە هەر پارێزگایەک لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی پارێزگار پێکهێنراوە، هاوکات لیژنەیەکی باڵاش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە سەرپەرشتی کاری لیژنە لاوەکییەکان دەکات."
سەعید جەیاشی دڵنیایی دا کە، هەر ناوێک لەلایەن ئەو لیژنانەوە لە فەرهەنگی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکرێت، بە شێوەیەکی فەرمی پەسند دەکرێت، "بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاری، دەستکاری یان زیادکردنێکی بۆ بکرێت."
لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ناوی زۆر لە گوند، ناحیە و قەزاکان لە عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان گۆڕدران (بە تایبەت لە سەردەمی رژێمی پێشوو لە پرۆسەی بە عەرەبکردندا). ئەم پڕۆژە نوێیە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ جێگیرکردنی ناوی رەسەنی شوێنەکان لە ئەتڵەسی نیشتمانیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ