دەنگۆی رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە تورکمان هەیە؛ یەکێتی و بەرەی تورکمانی روونکردنەوە دەدەن

دوێنێ کاژێر 12:28
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەنگۆی رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەرەی تورکمانی عێراقی بڵاوبووەتەوە؛ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرەی تورکمانی عێراقی روونکردنەوە دەدەن.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریداوە لە مانگەکانی داهاتوودا پۆستی پارێزگاری کەرکووک رادەستی بەرەی تورکمانی بکات. باس لەوەش دەکرێت کە ئەمە بەشێکە لە رێککەوتنێکی سیاسی نێوان محەممەد حەلبووسی، یەکێتی و بەرەی تورکمانی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی.
 
سەبارەت بەم دەنگۆیانە، عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، رۆژی دووشەممە 13ی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر بڕیارێک سەرکردایەتی یەکێتی بیدات ئێمە پێوەی پابەندین، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیار و باسێکی لەو شێوەیەمان پێ نەگەیشتووە."
 
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغدا پێشوازی لە محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی کرد. لە دیدارەکەدا د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئامادەی بوو.
 
محەممەد ئەیاد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی میدیایی بەرەی تورکمانیی عێراقی بە تۆڕی مدییایی رووداوی راگەیاند: "وەرگرتنی پۆستی پارێزگار داواکارییەکی بەردەوامی ئێمەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت هیچ پێشهاتێکی نوێی تێدا نییە و تەنیا قسەی سۆشیاڵ میدیایە، هەر پێشهاتێک بێت بە فەرمی بڵاودەکەینەوە."
 
محەممەد ئەیاد، کە هاوکات بەڕێوەبەری نووسینگەی میدیایی سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقییە گوتیشی، سەردانەکەی سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ لای بافڵ تاڵەبانی، تەنیا وەڵامدانەوەی سەردانێکی پێشتری سەرۆکی یەکێتی بووە بۆ لای سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پەیوەندی بەو دەنگۆیانەوە نییە.
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
رۆژی 14-5-2025 د.ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتبووی: "هیچ بەڵگەیەک نییە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سوننەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت.
 
رۆژی دواتر محەممەد عەلی تەمیم، سەرکردە لە پارتی تەقەدووم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە، بنەمای ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لە کەرکووک بوونی نییە. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە رێککەوتننامە واژۆکراوەکە جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکاتەوە، دڵنیاین لەوەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا یان ئەو رێککەوتننامەیەی نەبینیوە یان راستییەکان پشتگوێ دەخات."

ا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە