کۆمیسیۆن هۆشداری دەداتە حیزبەکان: سزای دارایی نەدەن بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو ناکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێکار بەرامبەر ئەو لایەنە سیاسییانە دەگرێتەبەر سزای داراییان لەسەرە و دەڵێت، "هەر حیزبێک سزاکەی نەدات، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەشداری بکات."
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەک لە بەغدا پێکهێنراوە کارەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. رێکارەکان لێرەش دەستیان پێکردووە و ئەو حیزب و لایەنانەی سزای پێبژاردنیان لەسەرە، ئاگادار دەکرێنەوە کە سزاکانیان بدەن."
 
لەبارەی دەرەنجامی پابەندنەبوونی لایەنەکان، نەبەرد عومەر گوتی: "هەر حیزب و لایەنێک سزای دارایی لەسەر بێت و نەیدات، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانێت بەشداری بکات. ئەم رێکارە نوێیە بۆ ئەوەیە لایەنەکان پابەندی جێبەجێکردنی سزاکان بن."
 
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆن، بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سزای داراییان لەسەرە، کە کەمترین سزا 500 هەزار دینار و زۆترینیش دوو ملیۆن دینارە.
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو نووسینگەکان لێرە ئامادەکراون و دەست بە پڕۆسەی ئاگادارکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی سزاکانیان بدەن.
 
دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 9-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە