رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو سبەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە لە رێگەی ئاسمانییەوە دەستپێبکات، بەڵام سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵ دەڵێت: "ئاماژەکان دەریدەخەن گەڕانەوەکە دوادەکەوێت". گوتەبێژی حەج و عومرەش دەڵێت، ئەمڕۆ بەشێکی حاجییان بە رێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە.
ئەم ساڵ سێ هەزار و 490 هاونیشتمانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج بە فڕۆکە چوونە سعودیە. بڕیاربوو سبەی 14ـی حوزەیران، گەڕانەوەیان دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، ئەمڕۆ ئاسمانی عێراق بە تەواوی بە رووی فڕۆکەدا داخرا.
نەبەز ئیسماعیل، سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی پلانەکان، گەشتی ئاسمانی سبەی کاژێر 07:00ـی بەیانی دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن گەشتەکە ئەنجام نەدرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە گەشتە ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە یان بۆ کاتی نادیار دواخراون.
نەبەز ئیسماعیل کە هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباریی ئایینیی هەرێمی کوردستانە و ئێستا لە سعودیەیە، ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە دواخستنی گەشتەکان ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام ئاماژەکان روو لەوەن گەشتەکان نەکرێن؛ پەیوەندیشمان بە هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە کردووە و چاوەڕوانی بڕیاری فەرمین".
ئەم ساڵ هەزار و 667 هاونیشتمانی بە رێگەی وشکانی چووبوونە حەج.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی وشکانییەوە کە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بوون و ژمارەیان 714 کەسە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەگەنەوە عێراق و بە ئەگەری زۆرەوە هەر ئەمڕۆ دەگەنەوە هەرێمی کوردستان".
کاروان ستوونی گوتیشی: "ئەمڕۆ حاجییانی دیکەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون و تاوەکو ئێستا لە سنووری سعودیەوە بەرەو عێراق بەڕێگەوەن".
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ