نێچیرڤان بارزانی: خۆم و سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەغدا لەبارەی مووچە لەسەر هێڵین

13-09-2023
هیدایەت جان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی بەغدا مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەرپرسیاریەتییەکی لەسەر بووە، لە ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەگەڵ لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە."
 
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێکساندەر شۆڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پرسەکانی مووچە، هەڵبژاردن و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی خستەڕوو و لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغداش پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە و گوتی، "باوەڕناکەم هیچ بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەبێت."
 
هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند، "ئێمە هەموومان هەوڵمان داوە. سەرۆکوەزیرانی خۆمان بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە. خۆم بەردەوام لەسەر هێڵم. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە، پرسێکی رەوایە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ نابێت پرسی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت."
 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەرپرسیاریەتییەکی لەسەر بووە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەگەڵ لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە. ئێمە، چاوەڕوانین بەغداش هەر بەو شێوەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوت بکات."
 
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە پرسی مووچە بابەتێک نییە مشتومڕی لەسەر بکرێت و دەڵێت، "مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە وەکو بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق، دەبێت حکومەتی فیدراڵ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات چارەسەر بکات. هەر بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لەسەر هێڵین و لەم نزیکانەشدا شاندێکی باڵا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەگەڵ وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن. هیوادارین ئەم کێشانە و کێشەکانی دیکەش بە لەیەکتر تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن."
 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە "ئەو حکومەتەی ئێستا لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دروستبووە، کورد و شیعە و سوننە بەشداربوون. ئێمە رێککەوتنێکی نووسراومان هەیە بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتە و بەشێکی بنەڕەتین لەو حکومەتە. لەبەرئەوە دەبێ هەموو هەوڵی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی هەن، بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. پێویستە ئەم پرسە لە بەغدا بە باشی چارەسەر بکرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، بدرێت."
 
رێککەوتنی ئەمنیی تاران – بەغدا
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدا دووپاتکردەوە و گوتی، "باوەڕ ناکەم هیچ بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەبێت".
 
رۆژی 19ـی ئەیلوول دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدا و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان بەغدا و تاران واژۆکراوە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەندی ئەم رێککەوتنەین و نامانەوێ هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ هیچ یەک لە دراوسێکانمان؛ نە بۆ ئێران، نە بۆ تورکیا و نە بۆ هیچ لایەنێک."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیدا "لەم چوارچێوەیەدا بە هاوکاری و هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ بەغدا، هەندێک هەنگاوی گرنگ نراون. ئێمە هیوادارین ئەو هەنگاوانە ببنە هۆی ئەوەی هیچ کێشەیەکی ئەمنی و سەربازی دروست نەبێت و من باوەڕ ناکەم هیچ بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەبێت."
 
 
ئێران و عێراق لە 19-03-2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات. رێککەوتنەکە دوای ئەوە واژۆ کرا، کە ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات و رێگە نەدات لە خاکی ئەو وڵاتەدا چالاکییان هەبێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕوانی هەنگاوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقین و هەموو لایەنەکانیش بە هەڵبژاردنەوە پابەندن."
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "لە پرسی هەڵبژاردندا کێشەیەک دروستبوو و من دوای ئەوە رۆژی هەڵبژاردنم دەستنیشان کرد. ئێستا ئەم بابەتە پەیوەندی بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە هەیە، کە من نامەم بۆ ناردوون و چاوەڕوانین ئەوان دەست بە هەنگاوی کردەیی بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و، ئێمە لە هەموو لایەنەکان، پابەندین بەم بابەتەوە."
 
شەفافیەت لە داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
لەبارەی ئەو داتایانەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دراون، قسەی دەگوترێت داتاکان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دەستکاریکراون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، "ئەو بابەتە هیچ راست نییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی شەفافییەتەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەغدا کردووە و سەرجەم داتاکان دروستن. هیچ داتایەکیش نییە کە بە هەڵە رەوانەی بەغدا کرابێت".
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هیوادارین ئەم بابەتە تێکەڵی پرسە سیاسییەکان نەکرێت. پرسی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، وەکو دەستووری عێراق باسی دەکات. ئێمە ئەو چاوەڕوانییە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین. ئەم بابەتە بە زووترین کات چارەسەربێت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا پرسی مووچە نییە. ئێمە کێشەی مادەی 140ـمان هەیە کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. پرسی رێککەوتنی شنگال هەیە کە ئەویش بەلامانەوە زۆر گرنگە و دەبێ چارەسەر بکرێت. لە هەمووی گرنگتر کە دەبێت چارەسەربکرێت ئەوەیە؛ ئایا سیستمی عێراق سیستمێکی فیدراڵییە یان سیستمێکی ناوەندییە؟ ئەو هەڵسوکەوتەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەڵسوکەوتێکی فیدراڵی نییە و ئێمە هیوادارین بە هاوکاری لەگەڵ بەغدا بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پرسی سیستمی فیدراڵی لە عێراق".
 
کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پێداگری لەسەر یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان "بەتایبەت یەکێتی و پارتی" دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، "دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێکهاتەکانەوە لەبارەی پرسی مووچە یەکهەڵوێست بن و پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن".
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "ئەگەر سەیری هەموو قسەکانی من بکەن، لە چەندین ساڵی رابردوودا، سەرجەمیان پێداگریکردن بوون و ئێستاش پێداگری دەکەمەوە لەوەی، تاوەکو ئێمە تاڕادەیەکی زۆر لەنێو خۆماندا بە یەکێتی و پارتی و لایەنەکان، هەموومان تێگەیشتنێکی دروستمان لەسەر دۆخەکە نەبێت و بەیەکەوە نەبین، بەردەوام ئەو کێشانە دێنەپێش و چارەسەریش تەنیا ئەوەیە کە دەبێ زمانێکی هاوبەش بدۆزینەوە بۆ هەڵسوکەوتکردن و چارەسەری گرفتەکان لەنێو خۆمان و لەگەڵ عێراقیشدا."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "پرسی میزانییە و مووچە پەیوەندی بە یەک لایەنەوە نییە، پرسەکە ئەوە نییە بڵێین پەیوەندی بە یەک حیزبەوە هەبێت. ئەو بابەتە پەیوەندیی بە هەموو هەرێمی کوردستانەوە هەیە. هەموو لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، دەبێت لەسەر ئەم بابەتە یەکهەڵوێست بن و پشتگیریی تەواوەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
 
لەبارەی پرسی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "گلەییەکی گەورە لە پارتی و یەکێتی هەیە. ئەمریکییەکان گلەییان هەیە لەوەی پڕۆسەکە زۆر بە خاوی دەڕوات و راستیشە؛ زۆر بە خاوی دەڕوات، بەڵام بەو واتایەش نییە کە هیچ نەکراوە. کار کراوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی
تاوەکو ئێستا بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە نراون، هەنگاوی گەورە نین. هیوادارین زیاتر پەرە بەو هەنگاوانە بدرێت و ئەم هێزانە ببن بە یەک."

 

 
هەڵوێستی ئەمریکا 
 
لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەمریکا بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن. رۆڵی ئەمریکا رۆڵێکی یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری کێشەکان."
 
ئابووریی سەربەخۆ
 
نێچیرڤان بارزانی پێی وا نییە هەرێمی کوردستان لە ئابووریی سەربەخۆدا شکستی هێنابێت و دەڵێت، "ئەگەر سەیری دۆسیەکانی پێشوو بکەن، لەو باوەڕەدام لەو بابەتەدا کاری زۆر باش کراوە. کێشەش هەبووە، دەبێ کێشەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن، بەڵام لەم پرۆسەیەدا هەرێمی کوردستان شکستی نەهێناوە."
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانی بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی سەردانی بەغدا دەکەن و هەرکاتێکیش پێویست بێت، منیش سەردانی بەغدا دەکەم".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "پرسی چوونی ئێمە بۆ بەغدا زۆر سرووشتییە. ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین. لە جوگرافیایەکدا دەژین کە جوگرافیای عێراقە و ئێمەش بەشێکین لەم جوگرافیایە. سەردانی ئێمە دەبێ زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت و هەرکاتێک پێویستبێت بڕۆین، دەچین بۆ بەغدا."

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان. وێنە: AFP

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 839 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین و هاوکارییان دەکەین

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، لە رێگەی لیژنەوە پێشوازی لەو هاونیشتمانیانە دەکەن دەگەڕێنەوە عەفرین و تاوەکو ئەمڕۆ 4,100 کەس گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، بەشێک لە عەرەبی هاوردە ماڵی کوردان چۆڵ ناکەن.