زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک لە رێوڕەسمێکی فراواندا دەرگای بەڕووی قوتابییانی 12ـی ئامادەیی و کەسوکاریاندا کردەوە و لە رێگەی ئیڤێنتی "ناساندنی بەشەکان"ـەوە، وردەکاریی سیستەمی خوێندن و داهاتووی پسپۆڕییەکانی خستەڕوو و دوو مزگێنی بە قوتابییان دا.
زانکۆی تیشک، بەگوێرەی ریزبەندیی "وێبۆمێتریکس" وەک یەکەم زانکۆی تایبەت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستنیشانکراوە.
لە چالاکییەکەدا، ستافی ئەکادیمیی 8 کۆلێژ و 35 بەشی زانستی ئامادەبوون و داشکانی تایبەت بۆ قوتابییان راگەیێندرا. د. ئیدریس هادی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی تیشک رایگەیاند، زانکۆکە لەلایەن چەندین ئاژانسی دڵنیایی جۆریی ئەکادیمی جیهانی دانیپێدانراوە، بۆیە بڕوانامەی زانکۆکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانیپێدانراوە.
دکتۆر ئیدریس هادی، دوو مزگێنیی گرنگی بە قوتابییان دا و گوتی، رەزامەندییان کردنەوەی خوێندنی ماستەر بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆ حکومییەکان کردووەتەوە. هەروەها بۆ قوتابییانی ساڵی یەکەم خولی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر بەخۆڕایی دەبێت.
بەگوێرەی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە، جگە لە بەشی یاسا، خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، ستافێکی ئەکادیمیی نێودەوڵەتییان هەیە لە 15 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون. هەروەها زیاتر لە 80 رێککەوتنی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆ بەنێوبانگەکانی جیهان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی قوتابی و مامۆستا و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش.