رووداو - گەرمیان
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە قەڵای شێروانە لە 35% زیانی بەركەوتووە.
شكور محەممەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەی شەوی یەكشەممە 12-11-2017، كە گوڕەكەی 7.3 پلەی رێختەر بووە، قەڵای شێروانە زیانێكی زۆری بەركەوتووە.
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان دەڵێت "زیانەكان بەزۆری لە گومەزی نهۆمی سێیەم بووە. بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی بوومەلەرزەكە قەڵاکە لە 35% زیانی بەركەوتووە".
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا سەرقاڵی ئەوەن بزانن تێچووی چاکكردنەوەی ئەو بەشە رووخاوانەی قەڵاكە چەند دەبێت، بۆ ئەوەی بە زووترین نۆژەنبكرێتەوە.

شێروانە قەڵایەكی كۆنی مێژووییە، لەسەر تەپۆڵكەیەكی دەستكرد لەسەر رووباری سیروان لە شاری كەلار لە شێوەی چوارگۆشەدا بونیاتنراوە.
شەوی یەكشەممە 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، بەوهۆیەوە لە باشووری كوردستان هەشت كەس گیانیان لەدەستدا و 320 كەسیش بەهۆی ترس و برینداربوونەوە سەردانی نەخۆشخانەكانیان كرد. لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش 445 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ