رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانیی لە دژی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو سزایەی لە دادگەی هەولێر بۆی دەرچووە، بۆ مانگی داهاتوو دواخست.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، ئەمڕۆ دووشەممە 13-11-2023، تاوتوێی سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانیی کرد و بڕیاریدا سکاڵاکە بۆ رۆژی 5-12-2023 دوابخات بۆ ئەوەی وردەکاریی زیاتری لەسەر سکاڵاکە و ئەو بەڵگەنامانەی پێشکێشکراون دەستبکەوێت و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکات.
لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەکانی هەولێر لە دژی ئەو دەرچوون هەڵبوەشێندرێتەوە.
دادگەکە 29ى تشرینى یەکەم تاوتوێى ئەو سکاڵایەی کرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆماری کردبوو. دادگەکە سکاڵاکەی بۆ 13ی ئەم مانگە دواخستبوو.
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا، لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
لە ساڵى 2018 پەرلەمانی کوردستان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات، کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
پێشتر لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە، بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ