رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ، لە کەشێکی پاییزە و باراناویدا، بۆ دەیەمین ساڵ مەراسیمی تایبەت بە (رۆژی سیدارە و ئەفەندی) لە پارکی منارەی شاری هەولێر بەڕێوەچوو. رێوڕەسمەکە لەلایەن مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیریی سوڵتان موزەفەردین رێکخرابوو و تێیدا جەخت لە پاراستنی کولتووری پەروەردەیی شارەکە کرایەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا کە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە نووسەران، هونەرمەندان و مامۆستایان ئامادەی بوون، رێکخراوی (کوردستان فۆتۆ) بە کردنەوەی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بەشداری کرد.
پێشانگەکە 34 تابلۆی فۆتۆگرافەری (ساماڵ تۆفیق)ی لەخۆگرتبوو کە گوزارشتیان لە مێژوو و کەسایەتییە دیارەکانی شار دەکرد.
بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەیی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان زیندووڕاگرتنی کولتوورە پەروەردەییەکانە و لەبارەی هۆکاری گرنگیدان بەم یادە رایگەیاند: "کڵاوی سیدارە یان فەیسەڵی، لە رابردوودا تەنیا کڵاوێک نەبووە، بەڵکو هێمای زانست، فێربوون و خوێندەواری بووە. لە کۆندا هەرکەسێک ناوی (ئەفەندی) لێنرابێت، جێگەی رێزی هەموو خەڵک بووە و وەک کەسێکی رۆشنبیر و پەروەردەخواز سەیر کراوە."
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم ساڵ شوێنی چالاکییەکەیان گواستووەتەوە بۆ ژێر (منارەی چۆلی)، چونکە وەک قەڵا، یەکێکە لە هێما دیارەکانی شاری هەولێر. رێوڕەسمەکە جگە لە پێشانگەی فۆتۆگرافی، پێشکێشکردنی گۆرانیی رەسەنی کوردی، عەرەبی و تورکمانیشی لەخۆگرتبوو.
پارێزگاری هەولێر: ئەفەندی بوون نازناوی زانستخوازان بووە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە گوتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەرانی رێوڕەسمەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ لەژێر سێبەری منارەی سەربەرزی هەولێر، یادگارێک لە یادگارەکانی شارەکەمان نوێ دەکەینەوە. ئەم یادە گەڕانەوەیە بۆ زەمەنی رووناکی و پێکەوەژیان."
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "تاوەکو ساڵانی رابردووش، نازناوی (ئەفەندی) پاشگرێک بوو بۆ هەر کەسێک کە زانستخواز، رۆشنبیر و فێرکەر بووبێت لەم نیشتمانەدا. هەولێر شانازی بە مێژووی قەڵا و منارەکەی و مرۆڤە تێکۆشەرەکانییەوە دەکات کە لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر و رۆشنگەریدا خزمەتیان کردووە."
بڕیارە لە رۆژی 28ی ئەم مانگە (کۆتا هەینیی ساڵ)، هەمان چالاکی بە بەشداریی چەند کەسایەتیەکی شاری هەولێر، لە شاری بەغدا و لە "مەتحەف بەغدادی" لە کۆڵانی موتەنەبی بەڕێوەبچێت، ئەوەش وەک پەیامێکی رۆشنبیری و هونەری لە هەولێرەوە بۆ بەغدا