رووداو دیجیتاڵ
هێشتا سیمای شەڕ، ماڵوێرانی و کاولکاری بەو شارەوە دیارە، لەنێو کەلاوە رووخاوەکاندا ژمارەیەک منداڵ یاریی تۆپی پێ دەکەن و ئەو مەیدانەیان کردووەتە یاریگە.
وێنەکان لە گەڕەکی تەئمیمە لە شاری رومادی، کە 108 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە دوورە، ژیان لەو گەڕەکەدا لە ژیانێکی ئاسایی ناچێت، بەڵکو بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لەنێو کەلاوە بە کولـلەمەرگی دەژین، ئەمەش رەنگدانەوەی بەسەر هەموو کایەکانی ژیانیاندا هەبووە، بەڵام منداڵەکان هەمیشە بە دیوێکی دیکە لە ژیان دەڕوانن، سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان هێشتا بەدوای حەز و خولیای منداڵانەی خۆیان کەوتوون، بۆیە لەو کەلاوەیەدا دڵی خۆیان بەیاری تۆپی پێ خۆش کردووە.
ئەو کەلاوانەی لە وێنەکاندا دەیبینن، پاشماوەی شەڕی چەکدارانی داعش و سوپای عێراق بووە کە لە ساڵی 2014 کەوتە دەستی داعش، بەڵام تاوەکو ئێستا نۆژەننەکراونەتەوە و خەڵکی لەنێو ئەو کەلاوانە دەژین. کاتێک داعش لەوێ بووە، ئەو منداڵانە بەشێکی زۆریان تەمەنیان تەنیا دوو ساڵان بووە، بەباشی بیریان نییە لەوێ چی روویداوە، بەڵام ئەوان زۆر دڵخۆشن لەو کەلاوانەش دەستبەرداری یارییە دڵخوازەکانیان نەبوونە.