رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەوی بۆ مامۆستایانی کەرکووک تەرخان دەکرێ بۆ ئەوەی یەکەی نیشتەجێبوونی تێدا دروست بکەن. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی پارێزگاکە داوادەکات زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون مامۆستایانی خوێندنی کوردی بگرێتەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن حەمەد دەهام، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق رایگەیاند، رووبەری دوو هەزار دۆنم زەوی بۆ مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکووک تەرخانکراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژەی گەشەپێدانی خانووبەرە لە شاری کەرکووک.
لە سنووری کەرکووک زیاتر لە 100 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی لە 557 قوتابخانەدا دەخوێنن کە زیاتر لە 8 هەزار و 500 مامۆستا وانەیان پێدەڵێنەوە.
کارمەران عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان کردووە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون، مامۆستایان و کارمەندانی خوێندنی کوردی بگرێتەوە کە میلاکیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد: "پێشتر کارگێڕیی کەرکووک پاساوی ئەوەی هەبوو، ئەو مامۆستا و کارمەندانە میلاکیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق نییە، بۆیە ناتوانن لە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون سوومەند بن".
پارێزگاری کەرکووک رێنمایی داوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە شارەوانی، دارایی و زەویوزار، بە زووترین کات رێکارەکان تەواو بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ