بەرپرسانی سلێمانی: فرۆشتنی زەوی و خانوو بە عەرەب بۆ بووژانەوەی بازاڕە

14-06-2016
شادیە رەسول
.....
.....
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەكەن، بەهۆیی قەیرانی دارایی و بۆ خستنە جوڵەی بازاڕ ناچاربوون بڕیاربدەن بە فرۆشتنی زەوی بە عەرەب و كردنە ناوی خانوو بە هاووڵاتی عەرەب و بیانی.

فرۆشتنی زەوی بە عەرەب لە سلێمانی لەدوای ساڵێک لە دەرچوونی بڕیاری قەدەخەکردنی فرۆشتنی زەوی و تاپۆکردنی خانوو بە عەرەب و بیانی، پارێزگاری سلێمانی بڕیاریدا بەچەند مەرجێک، جارێکی دیکە فرۆشتنی زەوی و تاپۆکردنی خانوو بە عەرەب و بیانی دەستپێبکاتەوە، وەک خۆیان دەڵێن بۆ ئەوەیە جموجوڵی بازاڕ لەو رێگەیەوە دەستپێبکاتەوە.

سەردار قادر، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت "ئێمە وامان لێھاتووە کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین پرۆژەکانمان جێبەجێبکەین، لەساڵانی رابردوودا بڕی 336 ملیار دینار بودجەی پەرەپێدانی ھەرێمەکانمان بۆ دەھات، بەڵام ماوەی ساڵێکە تەنیا نۆ ملیار دینار دەھات".

لەبارەی بڕیارەكە،  جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "ئێمە مەرجمان داناوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئاسایش رێگەبدات و لەڕێگەی ئیقامەوە بڕیار بدرێت بۆ ماوەنەوەی ئەو کەسانە".

بەپێی بڕیاری ژمارە 21ی ساڵی 2015ی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بەدەنگی 25 ئەندامی ئەنجوومەن بڕیاردراوە بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای سنووری پارێزگای سلێمانی و رێگرتن لە تاپۆکردنی موڵک و ماڵ و فرۆشتنی زەوی بە كەسانی جگە لە کورد.

زیاد کاکە رەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "پارێزگار لە کۆبوونەوەدا پێی راگەیاندین کە ئێستا لێشاوی ھاتنی ئاوارە وەک پار نەماوە، ئێستا داعش لە بەرەکانی شەڕ دەشکێت و قەبارەی بچووكدەبێتەوە، بۆیە داوامان لێکرا کە ئەو بڕیارەی ساڵی پار ھەموار بکرێتەوە، ئێمەش ھەمواری دەکەینەوە".

بەپێی بڕگەی ئەلف، لە ماددەی 23ی دەستووری عێراق ھەر ھاوڵاتییەکی عێراق بۆی ھەیە لەھەر شارێک بێت ببێتە خاوەنی موڵک، ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان ھێشتا نەبووەتە خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بە خۆی، بەمەرجێك كاریگەری لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەكە دانەنێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە