ژنێک لەسەر درەنگ گەڕانەوەی لە بازاڕ، دەکوژرێت

14-07-2014
سۆران بەهائەددین
نیشانەکردن ژنکوشتن
A+ A-

رووداو - كەركووك

ژنەكانی دوو برا پێكەوە دەچنە بازاڕ، بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە شت كڕین درەنگ دەگەڕێنەوە، ئەو درەنگ گەڕانەوەیە بۆ ماڵ سەرەتا و كۆتایی هۆكاری كێشەكان بوو، كە بە لێدان و تۆران و هەڕەشەی تەڵاقدان دەستی پێكرد و بە كوشتنی یەكێك لە ژنەكان كۆتایی هات. دراوسێیەكیان دەڵێت "ژنە كوژراوەكە زۆر بەڕێز بوو، هیچ كێشەیەكی نەبوو، تەنیا شتی كڕیبوو درەنگ گەڕابووەوە ماڵ".

رۆژی 7/7/2014 ژنێكی دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای كەركووك بە ناوی نەهلە فەیزوڵڵا، تەمەن 35 ساڵ، لەلایەن برای مێردەكەی كوژرا. بكوژ كە ناوی ئ.ق)ە، دوای رووداوەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی رەحیماوە، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت، ژنێك بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كوژراوە، هێزەكانی پۆلیسمان رەوانەی شوێنی تاوانەكە كرد، دەركەوت ئەو ژنە گوللەیەك بە سەری كەوتووە و گیانی لە دەستداوە، لە لایەن برای مێردەكەیەوە كوژراوە، دوای ئەوەی براژنەكەی كوشت، سەرەتا بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، فەرمانی گرتنی ئەو پیاوە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە، پاشان خۆی رادەستی پۆلیس كرد".

یەكێك لە دراوسێكانیان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "15 رۆژ بەر لە كوشتنی ژنەكە، نەهلە و ژنی (ئ) پێكەوە چووبوونە بازاڕ، بەهۆی سەرقاڵبوون بە كڕینی شتەوە درەنگ هاتبوونەوە، (ئ) كردبوویە شەڕ لەگەڵ ژنەكەی خۆی، گوتبووی بۆچی درەنگ هاتیەوە؟ ئەویش دەڵێت بە سایەی نەهلەوە بوو، ئەو شتی كڕیوەو درەنگ بووە، لەسەر ئەو شەڕە ژنەكە دەتۆرێت، دەچێتەوە ماڵی باوكی، كەسوكاری ژنەكە دەڵێن لەبەرئەوەی لێت داوە، دەبێت تەڵاقی بدەیت".

ئەو دراوسێیەیان دەڵێت "(ئ) هەموو ئەو كێشانەی بەسەری دێت، لە نەهلەی دەزانێت، كە بۆ درەنگ گەڕاوەتەوە ماڵ، بۆیە (ئ) دەمانچەكەی لەگەڵ خۆی دەبات و دەچێتە ماڵی براكەی، بە براژنەكەی گوتووە ئەوە هەمووی خەتای تۆیە، بۆیە گوللەیەكی لە سەری داوە و كوشتوویەتی، ئێستا براكەی سكاڵای لە دژی تۆمار كردووە، بەراستی (ئ) زوڵمێكی  گەورەی كرد، نەهلە ژنێكی زۆر فەقیر و بەڕێز بوو".

بەپێی ئاماری پۆلیسی كەركووك، لە ماوەی 4 مانگی سەرەتای 2014 لە كەركووك، هیچ ژنێك نەكوژرابوو، بەڵام لەو ماوەیەدا ژنان 54 سكاڵایان لە دژی پیاوان تۆمار كردبوو، كە 33 سكاڵایان لەسەر ئەوە بووە  كە پیاوەكان لێیانداون، هەروەها 8 پیاویش هەڕەشەی كوشتنیان لە ژنەكانیان كردووە. 5 سكاڵایش لەسەر خیانەتی هاوسەرگیری تۆمار كراوە. 6 سكاڵا بەو هۆیەوە بووە، كە پیاوەكان منداڵەكانیان لە ژنەكانیان سەندووەتەوە.

پێشمەرگە تەرمی ژنێك دەدۆزنەوە

هەفتەیەك پێش كوشتنی نەهلە، لە نزیك گوندی سەلام، كە دەكەوێتە سەر رێگەی خورماتوو، تەرمی ژنێك دۆزرایەوە، ئەو ژنە بەو هۆیەی كەس خۆی نەكردە خاوەنی، تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی كەركووك كرا، بۆ ماوەیەك لەوێ دەهێڵدرێتەوە.

تەرمی ژنەكە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە دۆزرایەوە، دەركەوتووە ئەو ژنە تەمەنی 25 ساڵ بووە و زیاتر لە 4 رۆژ بوو تەرمەكەی ماوەتەوە، تەرمەكە لە كاتی دۆزینەوەیدا شێوابوو، هەندێك لە جەستە و دەموچاوی لە لایەن سەگ و ئاژەڵی كێوەی خورابوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەر دیار بووە بە گوللە كوژراوە، گوللەیەك لە سەری دراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە