رووداو- هەولێر
بەشێک لە حیزبەکانی پێکهاتەی سریان، کلدان و ئاشووری رایدەگەیەنن "دابینکردنی 5 کورسی پەرلەمان وەک کورسی کۆتا بۆ کەمینەکان کەمە و دەبوو یەکێک لە جێگرانی پۆستە سیادییەکانیان هەبووایە".
گوتەبێژی گردبوونەوەی گەلی سریان، کلدانی و ئاشووری دەڵێت "بەنیازین کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین و دوو ساڵە قسەمان لەبارەوە کردووە، لیژنەی ئامادەکاریشمان بۆ پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنەکەیمان دیاری نەکردووە".
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن، بەشداری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداوی کرد و رایگەیاند "مافی هەموو نەتەوەکان لەهەرێمی کوردستان پارێزراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەستوور و نەکەوتنە واری جێبەجێکردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا هیچ مافێک لە رووی دەستووری یاساییەوە تۆکمە نەکراوە".
هەکاری گوتیشی "بەشێک لە مافی گەلی ئێمە (سریان، کلدان و ئاشووری) لەرێگەی سەرنج و پێشنیاری چینی رۆشنبیرانمانەوە گەیشتووەتە دەستی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و بەشێک لەو مافانەیشمان خراونەتە نێو رەشنووسەکەوە".
سەبارەت بە پێدانی پۆستە سیادییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەکاری ئاماژەی بەوەدا "ئێمە لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێجگە لە داواکردنی پۆستی وەزاری، داوای بەڕێوەبەری گشتی، جێگری وەزیر و راوێژکاری وەزارەتەکانمان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت ئەمەی جێبەجێ نەکردووە، تاوەکو ئێستایش بەرزترین پۆستمان، پۆستی وەزیر بووە".
رۆمیۆ هەکاری ئاشکرای کرد "من گوتەبێژی گردبوونەوەی سیاسی گەلی سریان، کلدان و ئاشووری-م و دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو (21 ئەیلولی 2013)ی پەرلەمانی کوردستان، داواکاری زیاتر لە وەزیر و پۆستە سیادییەکانی دیکەمان دەبێت".
رەتیشیکردەوە نەتەوەی ئەوان (کەمینە) بن و ئاماژەی بەوەدا "ئێمەش هاوشێوەی کورد و عەرەب نەتەوەیەکین لە عێراقدا، چونکە کەمینە بەمانای کەمیی نییە و مافی خۆمانە بڕیاری نەتەوەیی خۆمان بدەین".
هەروەها گوتیشی "ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئێمە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق روویان لەهەرێمی کوردستان کردووە، دڵنیاشم زۆربەیان لێرە دەمێننەوە و نیشتەجێ دەبن، لەم خولەی ئێستا لە کۆتاکەمان رازین. بەڵام لە خولی داهاتوودا گلەییمان دەبێت و داوای زیاتر دەکەین".
رۆمیۆ هەکاری سەبارەت بە ناحیەی عەنکاوە دوا و ئاشکراشی کرد، کە ئەوان شەرم لەوە ناکەن بە ئاشکرا داوا لە خەڵکی خۆیان بکەن لە عەنکاوە کۆببنەوە، هەروەها گوتی "ئێمە باسی حوکمی زاتیمان کردووە و لەنێو یەکێک لە ماددەکانی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا ئەم داواکارییە باسی لێوەکراوە، کە حوکمی زاتی بە ئێمە و گەلی تورکمانیش بدرێ".
پێکهاتەی سریان، کلدان و ئاشوور هاوشێوەی پێکهاتەی تورکمانەکان پێنج کورسیی کۆتایان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە کورسییەکیش بۆ ئەرمەنەکان تەرخان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ