پارتی و پارتی پارێزگارانی کوردستان ئاشتبوونەوە

14-08-2017
رووداو @Rudawkurdish
نەجات عومەر ئاغای سورچی دەگەڕێتەوە هەولێر
نەجات عومەر ئاغای سورچی دەگەڕێتەوە هەولێر
نیشانەکردن نەجات سورچی پارێزگاران
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای 21 ساڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی پارێزگارانی کوردستان ئاشتبوونەوە و رۆژی سێشەممە 14-8-2017 سەرۆکی پارتی پارێزگاران سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئەدهەم بارزانی، سەرپەرشتیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، سەردانی سەرۆکی پارتی پارێزگاران لە سلێمانی کردووە.

ئیدریس رواندزی، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی پارێزگارانی کوردستان رایگەیاند، دوای 21 ساڵ هەردوولا پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە و بڕیارە نەجات سورچی رۆژی سێشەممە بگەڕێتەوە کەلەکین و هەولێر و چاوی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بکەوێت.

نەجات کوڕی عومەر ئاغای سورچییە و دوای رووداوی کەلەکین لە 16/ی حوزەیرانی ساڵی 1996ـەوە نێوانیان لەگەڵ پارتی خراپە. ساڵی 2003 باوکی لەگەڵ پارتی ئاشتبووەوە و گەڕایەوە هەولێر و سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگارانی دیموکراتی کوردستانی کرد. ئێستاش دوای 21 ساڵ، پارتی پارێزگاران بەسەرۆکایەتیی نەجات عومەر ئاغای سورچی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی ئاسایی دەبێتەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە