مێلانیا ترەمپ داوادەکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی دووربخرێتەوە

14-11-2018
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن مێلانیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا داوادەکات میرا ریکاردێل، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کارەکەی دووربخرێتەوە.

لە راگەیێندراوێکدا کورتدا ستیفانی گریشما، گوتەبێژی خانمی یەکەمی ئەمریکا رایگەیاند "مێلانیا ترەمپ مافی خۆیەتی داوابکات بەرپرسەکە چیدی ئەو شەرەفەی پێنەدرێت لە کۆشکی سپی خزمەت بکات".  

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، هۆکاری داواکەی مێلانیا ئەوەیە لە گەشتەکەیدا بۆ ئەفریقا دەمەقاڵێ لەنێوان مێلانیا و میرا ریکاردێل روویداوە.

دەمەقاڵییەکە لەسەر شوێنی دانیشتنی خانمی یەکەمی ئەمریکا لەنێو فڕۆکە، هەروەها رەتکردنەوەی داوای بەکارهێنانی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا روویداوە. 

بەدەگمەن هاوژینەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا داوای دوورخستنەوەی بەرپرسانی کۆشکی سپی دەکەن. بەڵام دۆناڵد ترەمپ خۆیشی لە دوورخستنەوە و وازهێنانی کابینەکەی و بەرپرسانی ئیدارەکەیدا پلەی یەکەمی سەرۆکەکانی گرتووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 بەرپرس و وەزیری ئیدارەی ترەمپ وازیانهێناوە یان دوورخراونەتەوە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆنگرێس کە کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینەیان لەدەستدا، دۆناڵد ترەمپ هەمان رۆژ جێف سێشن، وەزیری دادی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، هەروەها پلانی هەیە چەند بەرپرسێکی دیکەش لە نیوەی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دووربخاتەوە.


داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە