رووداو دیجیتاڵ
مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمەریکا، دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم بەناوی (Muse Films) راگەیاند و ئاشکرای کرد، یەکەم بەرهەمی کۆمپانیاکە بەڵگەفیلمێک دەبێت لەسەر ژیانی خۆی.
مێلانیا ترەمپ لە رێگەی هەژمارە فەرمییەکانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و لۆگۆی کۆمپانیا نوێیەکەی خستەڕوو. ناوی (Muse) لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دا، ئەو کۆدە نهێنییە بوو کە لەلایەن دەزگای پاراستنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ مێلانیا بەکاردەهات.
یەکەم پڕۆژەی کۆمپانیاکە بەڵگەفیلمێکە بەناوی (Melania) کە بڕیارە لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026 لە سینەماکانی ئەمەریکا و جیهان نمایش بکرێت.
بەڵگەفیلمەکە لەلایەن ستۆدیۆکانی (Amazon MGM)ـەوە بڵاودەکرێتەوە.
فیلمەکە باس لە 20 رۆژی پێش رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتیی ساڵی 2025 دەکات لە روانگەی خودی خانمی یەکەمەوە، تێیدا وردەکارییەکانی گەڕانەوەی مێلانیا بۆ کۆشکی سپی، ئامادەکارییەکان و کۆبوونەوە تایبەتەکان دەخرێنەڕوو.
بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی برێت راتنەرە، کە ئەمە یەکەم کاری دەبێت دوای ئەوەی پێشتر رووبەڕووی چەندین تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بووەوە. مێلانیا ترەمپ خۆی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار لەگەڵ فێرناندۆ سولیچین سەرپەرشتیی کارەکە دەکات.
بڕیارە دوای پێشاندانی فیلمەکە، زنجیرەیەکی بەڵگەنامەیی سێ بەشیش بەدوای خۆیدا بێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ