گالەری

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
15 Photos
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir

رووداو دیجیتاڵ

دوو ژەنیاری ناوداری ئیتاڵی لە هەولێر ئاوازە نەمرەکانیان ژەنی و میوزیکی فیلمە جیهانییەکانیان پێشکێشکرد، هەردوو هونەرمەندیش خۆشحاڵی خۆیان بە هاتنیان بۆ کوردستان دەربڕی و رایانگەیاند، حەزدەکەن جاری دیکەش سەردانی بکەنەوە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە هۆڵی پێشەوای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە هەولێر، کۆنسێرتێک بۆ دوو ژەنیاری ناوداری ئیتاڵی، ئاندریا گریمنێلی و ئامادێیۆ سالڤاتۆ، بە ناونیشانی "دەنگدانەوە ئیتاڵییەکان" بەڕێوەچوو.
 
کۆنسێرتەکە، لەلایەن کۆنسوڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخرابوو، تێیدا ژەنیاری فلوت ئاندریا گریمنێلی و پیانۆژەن ئامادێیۆ سالڤاتۆ، چەندین پارچە میوزیکی کلاسیکیان پێشکێشکرد، لەوانە ئاوازە نەمرەکانی (دۆنیزێتی، باخ، پۆپ، بۆرن، باتیاتۆ، رۆتا و مۆریکۆنی).
 
بەشێکی کۆنسێرتەکە تایبەت بوو بە ژەنینی ساوند تراکی چەند فیلمێکی بەناوبانگی جیهانی، لەوانە (The Godfather)، (Cinema Paradiso)، (Romeo and Juliet)، (The Mission) و چەند فیلمێکی دیکە، کە خەڵکێکی زۆر بە تامەزرۆییەوە گوێبیستی بوون.
 
ئامادێیۆ سالڤاتۆ، پیانۆژەنی بەشداربووی کۆنسێرتەکە بە رووداوی گوت، "زۆرم پێ خۆشبوو کە کۆنسێرتێک بکەین و هەندێک میوزیکی کلاسیکی ئیتاڵی بهێنینە نێو خەڵکی هەولێر. من لە ئامادەبووانەوە هەستم بە گەرموگوڕییەک کرد، ئەوان حەزیان لە میوزیکەکە کرد و خۆشیان ویست."
 
سالڤاتۆ، ئاماژەی بەوەشکرد کە سەردانی بازاڕی هەولێری کردووە و گوێی لە میوزیکی کوردی بووە، گوتی، "ئەمڕۆ پیاسەیەکمان بەنێو بازاڕدا کرد و گوێم لە میوزیکێک بوو، لە هاوڕێکەمم پرسی و پێی گوتم ئەمە میوزیکی کوردییە، بۆیە منیش ئێستا زۆر بە پەرۆشم کە کاتێک گەڕامەوە بۆ ئیتاڵیا زیاتر گوێی لێبگرم و زیاتر دەربارەی خەڵکی کورد بزانم. پێمخۆشە بگەڕێمەوە."
 
ئاندریا گریمنێلی، ژەنیاری فلوت، کە خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە و لەلایەن فلوتژەنی ئەفسانەیی سێر جەیمس گۆڵوەی بە "گەورەترین فلوتژەن" وەسفکراوە، لەبارەی کاردانەوەی ئامادەبووانەوە بە رووداوی گوت، "ئەمە میوزیکی ئێوە نییە، بەڵام هەوڵمدا کەمێک میوزیکی جیاواز تێکەڵ بکەم بەو هیوایەی کە چێژی لێ ببینن. بۆیە ئەمبینی کە هەندێکیان ڤیدیۆیان تۆمار دەکرد و زۆر بە جۆش و خرۆش بوون."
 
گریمنێلی، کە لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ گەورەترین هونەرمەندانی جیهان کاری کردووە، لەوانە لوچیانۆ پاڤارۆتی و ئەندریا بۆچێلی، لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ بۆچێلی گوتی، "من ئەو کاتەی ناسیم کە هێشتا بەناوبانگ نەبوو، ئێمە هاوڕێی زۆر باشی یەکین. ئەو داوای لێکردم کە هەندێک لە گۆرانییەکانی بۆ بژەنم. زۆر چێژ لەوە دەبینم کە گەشتی لەگەڵ بکەم."
 
ئەو ژەنیارە ناودارە ئارەزووی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان نیشاندا و گوتی، "بە دڵنیاییەوە من پێمخۆشە بگەڕێمەوە. بە وەزیری رۆشنبیریشم گوت کە پێمانخۆشە چەند رۆژێکی دیکەش بمێنینەوە بۆ ئەوەی چێژ لە شارەکەتان و خەڵکەکەتان وەربگرین."
 
ئاندریا گریمنێلی، لە ماوەی 34 ساڵ کارکردنیدا وەک سۆلۆژەن، لە بەناوبانگترین هۆڵەکانی جیهان نمایشی کردووە و چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گرامی و نازناوی سوارچاکی ئیتاڵی. هاوکات ئامادێیۆ سالڤاتۆ، وەک یەکێک لە پیانۆژەنە چالاکەکان، لە سەرانسەری جیهان کۆنسێرتی ئەنجامداوە و وەک راهێنەری دەنگ و پیانۆژەنی فەرمی لە چەندین ئۆپێرا و پێشبڕکێی نێودەوڵەتیدا کاری کردووە.