رووداو دیجیتاڵ
تاڵ بە تاڵ بە دەست دەچێنرێت و نرخەکەی لە بازاڕدا دەگاتە هەزار دۆلار، بەڵام بۆ ئەمان، دیارییەکی بێبەرامبەرە. رێکخراوی "LPT"ی بەریتانی، زەردەخەنە بۆ ئەو منداڵانە دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی چارەسەری کیمیاییەوە قژیان لەدەستداوە؛ پڕۆژەیەک کە ئێستا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و بووەتە مایەی دڵخۆشی بۆ دەیان خێزان.
فیڵ بڕەیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی لیتڵ پڕێنسس تڕەست (LPT) دەڵێت، "ئێمە ساڵانە نزیکەی 2000 باڕۆکەی دەستکرد کە لە قژی سروشتی دروستکراون بەرهەم دەهێنین. لە ئێستادا لە شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگییەکی بەهێزمان لەگەڵ نەخۆشخانەکان هەیە بۆ ئەوەی ئەم هاوکارییانە بگەیەنینە دەستی ئەو منداڵانەی پێویستیان پێیەتی."
لێرە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، پزیشکانی وەک ئیمان ئیبراهیم، تەنیا سەرقاڵی چارەسەری پزیشکی نین؛ بەڵکو دەیانەوێت لەڕێی ئەم باڕۆکە سروشتییانەوە، ژیانی منداڵە تووشبووەکان ئاسایی بکەنەوە و جوانی و متمانە بۆ روواڵەتیان بگەڕێننەوە.
دکتۆر ئیمان ئیبراهیم دەڵێت، "کە لە بەریتانیا بووم لەگەڵ یەکێک لەو رێکخراوانەی باڕۆکە دروست دەکەن، داوام لێکردن کە لە عێراق و کوردستان پێویستمانە و بە یەک ئیمەیڵ کە قسەم لەگەڵ کردن، تائێستاش بەردەوامن لەگەڵمان".
باران یەکێکە لەو 87 منداڵەی کە پڕۆژەکە متمانەی بەخۆبوونی بۆ گەڕاندووەتەوە. ئەم پڕۆژەیە تەنیا پێدانی باڕۆکە نییە، بەڵکو خزمەتگوزارییەکانی سەرتاش و جوانکاری بە شێوەی خۆبەخشی لەنێو خودی نەخۆشخانەکەدا پێشکەش دەکرێن تاوەکو منداڵەکان هەست بە جیاوازی نەکەن.
فلیپ جەبوور، سەرتاش ئاماژە بەوە دەکات، "من ویستم لە رێگەی ساڵۆنەکەمەوە خزمەتگوزاری قژبڕین بە بێبەرامبەر پێشکەش بکەم. هەر کەسێک بێتە لام، قژی بۆ دەبڕم و قژەکە دەبەخشمە کۆمەڵەی 'وینگز فۆر کیدز'. ئەو خزمەتگوزارییانەی لە ساڵۆنەکە دەیکەم بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، تەواو بێبەرامبەرە."
پێویستییەکە لە هەرێمی کوردستان گەورەیە؛ تەنیا لە ساڵی 2025دا، 461 منداڵ تووشی شێرپەنجە بوون کە زۆرینەیان لە هەولێر و سلێمانین. ئێستا دەرگای نەخۆشخانەی نانەکەلی کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت بەشێکی قژی خۆی ببەخشێت و ببێتە سەرچاوەی هیوا بۆ منداڵێک کە چاوەڕێی زەردەخەنەیەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ