رووداو - کەرکووک
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 هەزار خێزانی ئاوارەی گەڕاوەی کەرکووک لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی قەرەبووی مادەی 140دان. ئاوارەیەک دەڵێت، 23 ساڵە چاوەڕێن، بەڵام لیژنەی باڵای مادەکە لە کۆی 30 ملیار دینار، تاوەکو ئێستا یەک دیناریشی بۆ کەرکووک نەناردووە.
مام ئەنوەر، پیاوێکی تەمەن 73 ساڵە و ماوەی 15 ساڵە لەبەردەم ئۆفیسی مادەی 140دا هاتووچۆ دەکات. ئەو لە بەرامبەر 16 جار ئاوارەبوونیدا چاوەڕێی 10 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکات، بەڵام هێشتا وەڵامەکەی "چاوەڕوانبە"یە.
مام ئەنوەر مەحموود بە رووداوی گوت: "تەمەنم رۆیشت و هێشتا چاوەڕێم؛ 16 جار ئاوارە بووم و هەر دەڵێن چاوەڕێ بکە."
پوورە گەلاوێژ، یەکێکی دیکەیە لە چاوەڕوانەکان؛ ئەو چووە بۆ راستکردنەوەی مامەڵەکەی. هاوژینەکەی پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، ساڵانێک لەسەر ئەو رێگەیە بوو، بەڵام ئەویش بێئومێد بوو.
ئیبراهیم ئەحمەد و یووسف عەزیز، دوو ئاوارەی دیکەی گەڕاوەن و باس لە کێشەکانیان دەکەن؛ زۆربەیان کاتێک دەچنە فەرمانگەکان داوای وێنەیەک لە تۆماری کەسییان لێدەکرێت یان پێویست دەکات بەڵگەنامەکانیان نوێ بکەنەوە.
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی ماددەی 140 ئاماژە بە ناکۆکی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەغدا دەکات و دەڵێت: "لەلایەک ئەوان دژایەتیمان دەکەن، لەلایەکی دیکەش کورد لە ئاستی سیاسی کەمتەرخەمە لە پرسی ماددەی 140، بۆیە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
بەپێی ئامارەکان، تاوەکوئێستا زیاتر لە 9 هەزار خێزانی ئاوارە و 6 هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە ماون قەرەبوو وەربگرن. بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە بڕی 10 ملیۆن دینار و بۆ هاوردەش بڕی 20 ملیۆن دینار دیاریکراوە. بەگشتی بۆ تەواوکردنی قۆناخی قەرەبووکردنەوە لە کەرکووک، پێویستی بە 210 ملیار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ