دۆمبەڵان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو سوودی لێوەردەگیرێت ؟

16-03-2019
جەمال ئەحمەد جەمیل
جەمال ئەحمەد جەمیل
دۆمبەڵان بە سرووشتی سەوزدەبێت، لە 9%ـی پێکھاتەکەی پڕۆتینە
دۆمبەڵان بە سرووشتی سەوزدەبێت، لە 9%ـی پێکھاتەکەی پڕۆتینە
نیشانەکردن دۆمبەڵان
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

بەشێک لە کڕیاران دۆمبەڵان وەک ژەمەخۆراکێک بەکاردەھێنن، بەشێکی دیکەش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو. پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی چاو دەڵێن ''تاوەکو ئێستا ھیچ دەرمانێک لە دۆمبەڵان دروستنەکراوە و دەبێت لەڕووی زانستییەوە تاقیکردنەوەی لەسەر بکرێت''.

خالید رەشید کاسبکارە و لەسەر شەقامێکی قەرەباڵخ ھاوار بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمەکەی (دۆمبەڵان) دەکات و دەڵێت: "رۆژانە نزیکە 100 کیلۆگرام دۆمبەڵان دەفرۆشم، بەزۆری خەڵکی بۆ خواردن دۆمبەڵان دەکڕن، بەشێکی کەمیش بۆ چارەسەری نەخۆشی".

لە ھەرێمی کوردستان دۆمبەڵان بۆ زۆر نەخۆشی بەکاردێت، بەتایبەتی ئاوەکەی بۆ تەراخوما لەچاو دەکرێت، بەڵام لەبری چارەسەر، بەکارھێنەرانی تووشی نەخۆشی زیاترکردووە، ئەوەش بەلای ئەوانەی لە گژوگیای سرووشتی دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆش دروستدەکەن، دەیبەستنەوە بەھەڵە بەکارھێنانییەوە.

پشتیوان نووری، خاوەن دەرمانخانەی گیایی دەڵێت: "ئەگەر دۆمبەڵانەکە کۆن بێت، ئاوەکەی بکەیتە چاوت زۆر زیان لەچاوت دەدات، لەبری چارەسەر تووشی کێشەت دەکات، لەبەرئەوە ئاوەکەی زۆر تیژە، خەڵکی زۆرجار لەسەر خەڵوز ئاوەکەی دەردەکات ئەوکاتە دووان ئۆکسیدی کاربۆنی تێکەڵ دەبێت ئەوەش زیانی بۆ چاو دەبێت".

ئەو رێگایانەی ئاوی دۆمبەڵانی پێ ئامادەکرێت، بەشێکە لە مەترسی زیان گەیاندن بە چاو.

دۆمبەڵان بە سرووشتی سەوزدەبێت، لە 9%ـی پێکھاتەکەی پڕۆتینە و 13%ـی کاربۆھیدرات و 1%ـیشی چەورییە، ئەوانی دیکەی کالسیۆم، پۆتاسیۆم، فسفۆڕ و سۆدیۆمە لەگەڵ بوونی ڤیتامینی (B1 و B2).

لەڕووی زانستییەوە دۆمبەڵان ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو، ھیچ توێژینەوەیەکیشی لەسەر نەکراوە، پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی چاو دەڵێن ''رەنگە سوودی ھەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ دەرمانێک لە دۆمبەڵان دروستنەکراوە''.

د. کاوێنا محێدین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو دەڵێت: "ھەر دکتۆرەو چەند نەخۆشێکی بۆ ھاتووە، کە زیانیان بەچاویان گەیاندووە بەھۆی بەکارھێنانی ئاوی دۆمبەڵانەوە، دەبێت لەڕووی زانستییەوە تاقیکردنەوەی لەسەر بکرێت، ئەگەر لەڕووی زانستییەوە بەکەڵکی چاو بێت، دەبێت بەشێوەیەکی زانستی ئامادە بکرێت".

ئەوانەی پشت بەئاوی دۆمبەڵان دەبەستن، بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو، دەگەڕێنەوە بۆ چەند فەرموودەیەکی ئایینی، بەڵام ئەوە بەلای پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی چاوەوە ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە