رووداو دیجیتاڵ
لە 15ـەمین رۆژی شەڕدا، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رایانگەیاند لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چەندین ئامانجیان بۆمباباران کردن. بەرپرسانی کارگێڕی لە شاری ئیلام رایانگەیاند یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆردوومان کرا و شەش ئەندامی خێزانێک بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دا. هەروەها لە پارێزگای کرماشان کوژرانی دایک و منداڵێک راگەیێندرا .
رۆژهەڵاتی کوردستان
نیوەشەوی شەممە 14ی ئاداری 2026و بەرەبەیانی یەکشەممە، چەند شوێنێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
بەیانیی شەممە لە گەڕەکی (جەهاد) لەنێو شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام هێرشکرایە سەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون. بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوبووەتەوە، زیانی زۆر بە باڵەخانەکە گەیشتووە و تاجەدین ساڵحیان، جێگری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری ئیلام دەڵێت، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە کراوە و بەهۆیەوە شەش ئەندامی خێزانێک کوژران. یەکێک لە کوژراوەکان منداڵێکی شەش مانگەیە.
هەروەها شەوی شەممەش هێرشەکان بەردەوام بوون. یەکێک لەو شوێنانەی بۆردوومان کرا (ئۆردوگای قودس)ـە لە نزیک فڕۆکەخانەی سنە. ئەو سەربازگەیە پێشتر بۆ راهێنان و چالاکیی کولتووری هێزەکانی سوپای پاسداران بەکار دەهات.
لە کرماشان، شەوی شەممە لانیکەم دوو شوێن لە دەوروبەری گۆڕەپانی (نەفت) لەنێو شاری کرماشان بۆردوومان کران. لە رۆژانی رابردووشدا، ئەو شوێنە چەندین جار بۆردوومان کراوە. بنکەی هێزەکانی ئیتلاعات، سوپای پاسداران و پۆلیسی کرماشان لە نزیک ئەو گۆڕەپانەیەن.
رۆژی شەممە 14ی ئاداری 2026، دایکێک و منداڵەکەی لە شاری کرماشان لە ئەنجامی هێرشەکان دا کوژران . ژنەکە ناوی فائیزە رەیحانی یە و منداڵەکە ناوی ئەبرا ژرفی یە و تەمەنی دوو ساڵ بوو . ئەو ماڵە لە نزیک یەکێک لەو شوێنانە بووە کە کراوەتە ئامانج .
هەروەها لە شاری روانسەری سەر بە پارێزگای کرماشان مێرد منداڵێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی کیان مورادی لە ئەنجامی هێرشەکان دا گیانی لەدەستدا .
ئێران
بە درێژایی رۆژی شەممە، فڕۆکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی تاران و شارەکانی نێوەڕاستی ئێران دا سووڕاونەتەوە. هەندێک جار بە فڕۆکە و هەندێک جاریش بە مووشەک و درۆن، هێرشکراوەتە سەر ئامانجەکان.
رۆژی شەممە، چەندین ئامانج بەتایبەت لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای پایتەختی ئێران بۆردوومان کران. باڵەخانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەربازیی لە گەڕەکی (تەرەشت) و ناوچەیەکی پیشەسازی لە رۆژئاوای تاران بۆردوومان کران.
ئاژانسی فارسی نزیک لە سوپای پاسداران نیوەشەوی شەممە بڵاویکردەوە، هۆڵێکی وەرزشی زۆرانبازی لە گەڕەکی (تێهرانسەر)ـی تاران بۆردوومان کراوە، بەڵام باسی ئامانجەکانی دیکەی نەکردووە. ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران بە بەکارهێنانی شوێنی سەربازی بۆ ئامانجی سەربازی تۆمەتبار دەکەن.
هەروەها ئەرتەش و سوپای پاسدارانی دەڵێن، رۆژی شەممە ژمارەیەک درۆنیان لە ئاسمانی تاران خستوونەتە خوارەوە. ئەرتەشی ئێران دەڵێت، لە سەرەتای شەڕەوە 116 درۆنی ئەمریکا و ئیسرائیلیان خستوونەتە خوارەوە.
رۆژی شەممە لە شاری ئیسفەهان چەندین بنکەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران و ئەرتەش بۆردوومان کران.
میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی رۆژی شەممەدا بۆ سەر کارخانەیەکی دروستکردنی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە لە شارۆچکەیەکی پیشەسازیی ئیسفەهان، 15 کرێکار کوژران.
لە شاری شاهینشەهری پارێزگای ئیسفەهانیش، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەو شارە کرایە ئامانج.
هەروەها بە مووشەک هێرشکرایە سەر سەربازگەی هێزی دەریایی ئێران لە شاری سیرجانی پارێزگای کرمان. چەند کەس لە دانیشتووانی شارەکە کە ڤیدیۆی بۆردوومانەکانیان تۆمارکردووە دەڵێن، دوای بۆردوومانەکە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
کاژێر 9ـی شەوی شەممە، سێ کۆگای سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لەنێو "پیشەسازیی ئەلیکترۆنی"ـی شاری شیراز کرانە ئامانج و دوای بۆردوومانەکە، دەنگی تەقینەوە لەنێو شار بیستراوە. بەرەبەیانی شەممەش، بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەش لە شیراز کرابووە ئامانج.
نیوەشەوی هەینی و بەرەبەیانی شەممە، دوورگەی خارگ لە باشووری ئێران و نزیک کەنداو بە خەستی بۆردوومان کرا. سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای بووشێهر رایگەیاندووە، کەس بەهۆی هێرشەکانی دوورگەی خارگ گیانی لەدەست نەداوە.
لەبارەی ئامانجی هێرشەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەو هێرشەدا تەواوی ئامانجە سەربازییەکانیان لە دوەرگەی خارگ لەنێوبردوون. چەند میدیایەکی فەرمیی ئێرانیش بڵاویانکردەوە، لە دوورگەی خارگ بنکە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج، نەک ژێرخانەکانی نەوت. دەشڵێن، پیشەسازیی نەوتی ئێران لەو دوورگەیە، زیانی زۆری بەرنەکەوتووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی گوت، لە خاکی ئیماراتەوە هێرشکراوەتە سەر دوورگەکانی خارگ و بوموسا.
لەلایەکی دیکەوە ناسر عەتەباتی، داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، 20 کەسیان دەستبەسەر کردووە بە تۆمەتی وێنەگرتن لە بنکە سەربازی و ئەمنییەکان و پێدانی زانیاری لەبارەیانەوە بە ئیسرائیل.
ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی لوڕستانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 7 کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستبەسەرکراون.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندووە، لە تاران 25 کەس و لە هەمەدان 8 کەس دەستبەسەرکراون بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە رێگەی وێنەگرتنی شوێنی ئەمنی و سەربازییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ