فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات

دوێنێ کاژێر 06:11
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی 16ـی نیسانی ئەنجومەنەکە دەکەن و دەڵێت: "ئامادە نین ببینە بەشێک لە بڕیاردان لە ژوورە تاریکەکاندا."
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستبەرداربوونی رێبوار تەها و هەڵبژاردنی جێگرەوەکەی کۆببێتەوە.
 
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ 15ـی نیسانی 2026 بڵاوکرایەوە، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "بەشداریی کۆبوونەوەی سبەی 16ـی نیسانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل رەشید."
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
فراکسیۆنی پارتی هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی راستیی نوێنەرانی شارەکە، زیان بە پێکەوەژیان و دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیێنێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن."
 
فراکسیۆنی پارتی دەڵێ: "وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات. ئاماژەی بەوەش کردووە: "وەرگرتنی پۆست بەلامانەوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت."
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاندووە، ئەوان وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێننەوە و "تەنیا پشتگیری لە تەباییەک دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاووڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت".
هاوکات حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی بەشداری دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگا ناکەین".
 
بەپێی کارنامەی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دەست رووداو کەوتووە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە پرسی دەستبەرداربوونی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگار و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ وەک جێگرەوەی.
 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێبوار تەها تاوەکو ئەم ساتە بە فەرمی پارێزگارە و بەردەوامە لە ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "رێبوار تەها پابەندی هەر بڕیارێکە کە لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگار درابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا نەکردووە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە