داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێ

15-04-2026
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
نەهرۆ محەممەد و هەردی محەممەد

بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەن دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە"ی ئەنجوومەنەکە. پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێت، رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکووک دەست لەکار دەکێشێتەوە.
  
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە ئاگادار کراینەوە کە سبەی کاژیر 12:00ی نیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێ".
 
لە نووسراوەکەی محەممەد ئیراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتووە: "پاڵپشت بە مادەی 11/چوارەم و مادەی 38/ یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ساڵی 2015ی هەموارکراو، داواتان لێدەکەم بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ رۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بن".
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنەکەوە بە رووداوی گوت، لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە پۆستی پارێزگار هەیە. 

 

 
هاوکات هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێبوار تەها دەست لە کار دەکێشێتەوە. هەروەها دەنگ دەدرێ بۆ ئەوەی محەممەد سەمعان ببێتە پارێزگاری نوێی کەرکووک. 
 
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوایین کۆبوونەوەدا یەکێتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر ئەوە رێککەوتوون لە بەرامبەر دەستهەڵگرتن لە پۆستی پارێزگار، ئەم پۆستانەی پێبدرێ: قایمقامی ناوەند، قایمقامی داقووق، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و جێگری پارێزگار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە