رووداو دیجیتاڵ
بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی دێگەڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی دێگەڵە کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە."
بە گوتەی کاوە بەهرامی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنی سێشەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەهید بوو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها هەر دوێنێ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە.
رۆژی سێشەممە 14ی نیسانی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خرانە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستانیش دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 05:04ی ئێوارەی سێشەممە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ