رووداو دیجیتاڵ
لە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گولستان دۆکودا پێشهاتێکی نوێ هەیە؛ دوای 6 ساڵ، 13 کەس دەستگیرکران کە کوڕی پارێزگاری پێشووی دێرسیمیان تێدایە.
لە دۆسیەی گولیستان دۆکو، خوێندکاری زانکۆی مونزور کە 6 ساڵە بێسەروشوێنە و چارەنووسی نادیارە، گۆڕانکارییەک روویدا. بە بڕیاری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە دێرسیم، لە 7 شاری جیاوازدا 13 کەس وەک گومانلێکراو دەستگیرکران.
ئەم پێشهاتە هیوای بۆ بنەماڵەی دۆکو گەڕاندووەتەوە؛ ئەوان لە سەرەتای ونبوونی کچەکەیانەوە جەختیان لەوە دەکردەوە کە گولستان کوژراوە و رەتیان دەکردەوە خۆی ون بووبێت، بەڵکو دەیانگوت "بێسەروشوێن کراوە".
کوڕی پارێزگاری پێشوو لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا، 13 کەس دەستگیرکران. لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، زەیناڵ ئەباراکۆڤ کە هاوڕێی گولستان بووە، لەگەڵ مستەفا تورکای سۆنەل، کوڕی تونجای سۆنەل (پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم) و چەند پۆلیسێکی خانەنشینکراویش هەن.
هەر 13 گومانلێکراوەکە بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی دێرسیم کراون. پێشتر زەیناڵ ئەباراکۆڤ دەستگیرکرابوو، بەڵام دواتر بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کرابوو.
وەزیری داد: هیچ گومانێک پشتگوێ ناخرێت
ئاکین گورلەک، لە وەزارەتی دادی تورکیا، لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە: "لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەی گولستان دۆکودا هەنگاوێکی گرنگ نراوە. ئەم دۆسیەیە کە کاریگەریی قووڵی لەسەر ویژدانی گشتی هەبووە، بە وردی و بە هەموو شێوەیەک لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێتەوە. بێ ئەوەی هیچ گومانێک پشتگوێ بخرێت، تاوەکو گەیشتن بە ئەنجام بەردەوام دەبین."
گورلەک جەختی کردەوە کە هەموو دەرفەتە یاساییەکان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی هیچ تاوانبارێک بە نادیاری نەمێنێتەوە.
پارێزەری دۆسیەکە: ئێستا وەک دۆسیەی کوشتن مامەڵە دەکرێت
عەلی چیمەن، پارێزەری دۆسیەی گولستان دۆکو، ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەیەکی کارا بەڕێوەدەچێت و گوتی: "دۆسیەکەمان چیتر وەک دۆسیەی کوشتن دەبینرێت. ئەمە شەپۆلی یەکەمی دەستگیرکردنەکانە و ئامانج لێی زیندانیکردنی ئەو کەسانەیە. بەهۆی هەبوونی بڕیاری نهێنی لەسەر دۆسیەکە، ناتوانین وردەکاریی زیاتر بدەین."
باوکی گولستان: تەنیا ئێسکی کچەکەم دەوێت
خالید دۆکو، باوکی گولستان، بە دڵێکی پڕەوە دەڵێت: "من تەنیا گۆڕی کچەکەم دەوێت، ئێسکی کچەکەم دەوێت. ئەگەر ئێسکی کچەکەم ببینمەوە، لێرە دەڕۆم."
بەدریە دۆکو، دایکی گولستانیش دەڵێت، "هەموو بەڵگەکانی کچەکەمیان لەناوبرد، بەڵام دادپەروەریی خودا گەورەیە. سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە ماندووبوونی لەم دۆسیەیەدا بینیوە."
گولستان دۆکو کەی ون بوو؟
گولستان دۆکو، خوێندکاری قۆناخی 2ی بەشی گەشەپێدانی منداڵان بوو لە زانکۆی مونزور. رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 لە بەشە ناوخۆیی زانکۆکە چووە دەرەوە و لەو کاتەوە بێسەروشوێنە. سەرەڕای گەڕانی زۆر لەو کاتەدا، هیچ شوێنەوارێکی نەدۆزرایەوە و دواتر کارەکانی گەڕان راگیرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ