سەرۆکی پەرلەمان هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر سۆران عومەر هەڵدەوەشێنێتەوە؟

15-06-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە سەرەتای مانگی ئایار بە دەنگی 57 پەرلەمانتار پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت، لەم رۆژانەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی "نایاسایی" دەدات بۆ لابردنی بڕیاری ئەو پاریزبەندییە. 
 
پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی و گوتەبێژی فراکسیۆنەکە لەبارەی بڕیارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە 100% نایاساییە، چونکە بە دەنگدانی پەرلەمانتاران ئەو پارێزبەندییە لابراوە و ئێستاش هیچ یاسایەک نییە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پشتگیریی ئەو بڕیارە بکات". 
 
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە رۆژی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەنەبوو و رایگەیاندبوو، "واژۆ لەسەر بەرنامەی کارێک ناکات هەڵگرتنی پارێزبەندی تێدابێت".
 
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بەنیازە بیکات، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەیە بە نووسراوێک و بەدەر لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانە. دەشڵێت، "ئەگەر وا نەکات (سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) لە پۆستەکەی لا دەدرێت". 
 
دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی روویدا تەنیا بەرامبەر پەرلەمانتاری حیزبێک نییە، بەڵکو بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، فراکسیۆنی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بوو.
 
بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پشت بە هیچ دەقێکی یاسایی نابەستێت، بۆیە دوای دەرچوونی بڕیارەکە ئاراستەی ئەنجوومەنی شورا دەکرێت و لەوێش رەتدەکرێتەوە، بەوەش "ئیحراجی زیاتر هیچ بۆ سەرۆکی پەرلەمان نامێنێتەوە".
 
لەبارەی ئەو هەوڵەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی سەری، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 19ـی ئایار بە فەرمی تانەیەکی لە بڕیارەکە داوە و رەوانەی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە. دەڵێت "تاوەکو ئێستا چاوەڕوانی وەڵامم". 
 
رۆژی 7-5-2020، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر بەتەنها پەیوەندی نییە بە سکاڵای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "چەندین کەیسی دیکە بوون کە دادگاکان نووسراویان بۆ پەرلەمان کردووە و هەموویمان لایە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە