رووداو - رانیە
دوای سێ مانگ و 10 رۆژ لە قەدەخەکردنی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-06-2023 قەدەخەی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان هەڵگیرا و لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەست بە راوەماسی کرایەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری دارستان و ژینگەی راپەڕین، لە ماوەی قەدەخەی راوەماسیدا زیاتر لە 70 کەس بە تۆمەتی راوکردن دەستگیر کراون.
ئەم وێنانەی لەم فۆتۆستۆرییەدا خراونەتەڕوو دەریاچەی دووکانن لە بەری سەرسیان، راوچییەکان دەڵێن، تاوەکو ئێستا راوکردن بە دڵی ئەوان نییە و ماسی کەمی کردووە.
ئەو راوچییانەی لەوێ بە تۆڕ راو دەکەن، ئێواران تۆرەکان دەخەنە ناو دەریاچەکە و بەیانیان زوو هەڵیدەگرنەوە. بە درێژایی دەریاچەکە بەسەدان کەس لە وەرزی ئازادبوونی راودا سەرقاڵی راون، بەشێکیان بۆ بژێوی و بەشێکی دیکەشیان بۆ خواردنی خۆیان.