رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی شوێنەوارناسیی هاوبەشی کوردی - ئەمریکی لە چوارچێوەی چوارەمین وەرزی کاری هەڵکۆڵین لە "گردی مەتراب" لە دەشتی شەمامک، پاشماوەی شوێنەواریی گرنگیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 6000 ساڵ لەمەوبەر، واتە سەردەمی کالکۆلێتیکی کۆتایی، دەگەڕێتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە بە هاوبەشی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر و زانکۆی برین ماوەری ئەمریکی بەڕێوەدەچێت، زانیاریی نوێ لەسەر ژیانی کۆمەڵگە گوندنشینەکانی میزۆپۆتامیا لە دوو قۆناخی مێژوویی جیاوازدا دەخاتەڕوو: سەردەمی کالکۆلێتیکی کۆتایی و سەردەمی هێلینیستی.
گردی مەتراب، کە رووبەرەکەی نزیکەی سێ هێکتارە (30 هەزار مەتر چوارگۆشە) و لە چوار تەپۆڵکەی بچووکتر پێکدێت، وەک پێگەیەکی شوێنەواریی گرنگ لەسەر نەخشەی شوێنەواریی عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. عەلی بانی شاری، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر لە پڕۆژەکەدا بۆ رووداوی باس کرد: "گردی مەتراب پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە و کارکردن تێیدا لە ساڵی 2022وەوە دەستی پێکردووە و ئەمە چوارەمین وەرزی هەڵکۆڵینە کە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت."
لە میانەی هەڵکۆڵینەکاندا، پاشماوەی بیناسازیی سەرنجڕاکێش دۆزراونەتەوە، لەوانە خانووێک کە لە شەش ژوور پێکهاتووە و یەکێکیان وەک چێشتخانە بەکارهاتووە. هەروەها، پێکهاتەیەکی بیناسازیی گەورەتر دۆزراوەتەوە کە لێکۆڵەران پێیان وایە رەنگە پاشماوەی کۆشکێکی گەورە بێت.
پڕۆفیسۆر رۆکۆ پالێرمۆ، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لە زانکۆی برین ماوەر، تیشکی خستە سەر گرنگیی زانستیی دۆزینەوەکان و بە رووداوی گوت: "ئێمە لێکۆڵینەوە لەسەر دوو قۆناغی سەرەکی دەکەین و دەمانەوێت بزانین کۆمەڵگە گوندنشینە بچووکەکان چۆن وەڵامی گۆڕانکارییە گەورەکانی وەک سەرهەڵدانی شارستانییەت و ئیمپراتۆریەتەکانیان داوەتەوە."
یەکێک لە دۆزینەوە هەرە گرنگەکانی ئەم وەرزە، ئاشکراکردنی نیشتەجێبوونێکی سەردەمی کالکۆلێتیک بوو کە وا دیارە بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە بەپەلە بەجێهێڵراوە. پڕۆفیسۆر پالێرمۆ لەمبارەیەوە وتی: "هیچ ئاسەوارێکی توندوتیژی یان سووتان نییە، بەڵام سەدان پارچەی شوێنەواریی تەواو وەک گۆزە و ئامرازی ژیانی ڕۆژانە لە شوێنی خۆیاندا دۆزراونەتەوە. ئەمە وێنەیەکی دەگمەن و ڕوونی ژیانی ئەو سەردەمەمان پێشکەش دەکات کە زۆر بەکەمی دەست دەکەوێت."
تیمەکە تەکنەلۆژیای مۆدێرنیش بەکاردەهێنن، لەوانەش ئەنجامدانی رووپێوییەکی جیۆفیزیایی ورد بۆ دیاریکردنی پێگە شاراوەکانی ژێر زەوی، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵکۆڵینەکانی داهاتوو. لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی چوارەم، تیمەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە لە ساڵی داهاتوودا و هیوادارن وەرزێکی درێژتر ئەنجام بدەن، بە مەبەستی فراوانکردنی کارەکانیان لەسەر نیشینگەکەی سەردەمی کالکۆلێتیک و ئەو پێکهاتە بەردینە گەورەیەی کە رەنگە پاشماوەی دیوارێکی قەڵابەند بێت.