رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، 1086 کەس کوژراون، 35 کەسیش برینیان سەختە و لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکان خەوێندراون.
سەعید ئوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران رۆژی دووشەممە بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 1062 کەس، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، بەخاکسپێردراون.
سەعید ئوحەدی هەروەها گوتی، "بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 5800 کەس بریندار بوون و لەو ژمارەیە نزیکەی 100 کەس لە نەخۆشخانەکان ماون و چارەسەر وەردەگرن."
بە گوتەی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران، "24 تەرم تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە، هەروەها 35 کەس لە بریندارەکانیش کە برینیان سەختە، لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکان خەوێندراون؛ بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوانی ئەم جەنگە بەرزببێتەوە."
پێشتر راگەیێندرابوو، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 1060 کەس لە سەرانسەری ئێران کوژراون و پێنج هەزار و 750 کەسیش بریندار بوون.
لە 13ی حوزەیراندا جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ