دوای پەیامەکانی ئۆجەلان و قەرەیلان بۆ مەخموور؛ 'گەمارۆی سەر کەمپەکە بەردەوامە'
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە بەرپرسانی عێراق گەمارۆدانی کەمپی مەخموور رەتدەکەنەوە، بەڵام دانیشتووانەکەی دەڵێن، زیاتر لە چوار مانگە رێگە نادرێت هاتووچۆی هیچ پارێزگایەک بکەن و کەرەستەش بگوازنەوە نێو کەمپەکەیان.
بەگوێرەی دانیشتووانی کەمپی مەخموور بۆ رووداو، لە 10ـی نیسانی 2025ـەوە، حکومەتی عێراق رێگەنادات هیچ کەرەستەیەک بگاتە نێو کەمپەکە، هەروەها لە هەموو ئەو رێگەیانەی دەگەنە کەمپەکە، پێش گەیشتن بازگەیان داناوە و رێگە بە هاتن و چوون نادەن.
وێڕای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر، موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای هەپەگە "هۆشدار"ی دایە حکومەتی عێراق لە بەردەوامیی گەمارۆ و رایگەیاند، ناچاربن دەستوەردان دەکەن و گەریلا دەنێرنە کەمپەکە، دانیشتووانەکەی دەڵێن "گەمارۆکە بەردەوامە".
"رێگە نادەن هیچ هاتووچۆ بکەین"
دانیشتوویەکی کەمپەکە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێزە عێراقییەکان تەنانەت رێگەنادەن بۆ کرێکاری و نەخۆشیش بچینە پارێزگاکانی عێراق".
کەمپی مەخموور پەنابەرانی باکووری کوردستانی تێدایە و دانیشتووانەکەی ناویان ناوە کەمپی "شەهید رۆستەم جوودی".
بەگوتەی دانیشتووانی کەمپەکە، دوای دەستپێکی هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، گوشارەکانی سەر کەمپەکە زیادیان کردووە.
هەرچەندە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، گەمارۆکان بۆ چۆڵکردنی کەمپەکەیە، بەڵام بەرپرسانی ئەو کەمپە بە رووداویان گوت: "لەم دۆخەدا چۆڵکردن رەتدەکەینەوە".
کەمپەکە لە ساڵی 1998ـەوە دروستکراوە و ئێستا ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 12 هەزار کەس.
13ـی ئایاری ئەم ساڵ، شاندێکی پێنج کەسی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کەمپەکە بۆ کۆبوونەوەیەک چوونە بەغدا، رۆژی دواتر لەلایەن هێزێکی عێراقی لە سنووری بەغدا دەستگیرکران و دوای مانگێک ئازاد کران.
دۆخی کەمپەکە دوای پەیامی ئۆجەلان
08ـی ئاب میدیاکانی پەکەکە رایانگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور دەڵێت، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان".
لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا پەیامەکەی ئۆجەلان لە کەمپەکەدا پێشکێش کرا، تێیدا رێبەری پەکەکە رایگەیاندبوو: "گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە و خاوەن بەهایەکی گەورەیە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوەکانیان سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی لە ئەستۆ گرتووە".
لە بەشێکی دیکەدا هاتبوو: "باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بووە، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێ. یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆکانمان لەبارەی دۆخی گەلەکەمانە لە مەخموور. بێگومان لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ خاکی خۆیان بەدی دێت.".
هاونیشتمانییەکی دانیشتوویەکی کەمپەکە بە رووداوی گوت: "دوای پەیامی رێبەر ئاپۆ دەمانەوێ دۆخەکە هێوربێتەوە، بەرپرسانی کەمپەکە بە ئێمەیان گوتووە: شەڕی تایبەت لە دژمان دەکرێت و دەیانەوێت رۆژەڤی خەڵک بگۆڕن، بۆ ئەوەی لەو پرۆسەیە دووربکەوینە کە رێبەر ئاپۆر دەستی پێکردووە".
هەرچەندە بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کەمپەکە بە رووداوی گوت: "دۆخەکە ئاساییە؛ بابەتی چۆڵکردن لەئاردا نییە و نامانەوێت هیچ بڵێین"، بەڵام رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئەمڕۆش گەمارۆکانی سەر کەمپەکە بەردەوامە و جگە لە خۆراکی پێویست، تەنانەت رێگە نادرێت کەرەستەی دروستکردنی خانووش ببرێتە نێو کەمپی مەخموورەوە.
بەرپرسێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە ئاگاداری دۆخەکەیە بە رووداوی گوت: "گوشارەکانی عێراق لەسەر کەمپەکە زیاتر بوون، بەڵام پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان روونیکردووەتەوە، کە بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام ئەوانیش دەگەڕێنەوە".
پەیامی قەرەیلان بۆ حکومەتی عێراق
قوڵبوونەوەی گەمارۆکانی سەر کەمپی مەخموور گەیشتە ئەوەی، 08ـی ئەم مانگە، موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: ''بۆ ئەوەی لەسەر دەوڵەتی عێراق گوشار دروست نەبێت و هەموو شتێک بەشێوەیەکی یاسایی و رێکوپێک بەڕێوەبچێ، وەک هێزێکی سەربازی لەوێ دەرچووین و هەموو سەنگەرەکانمان رادەستی ئەوان کرد".
بەگوتەی موراد قەرەیلان، ''ئەوان [حکومەتی عێراق] ئێستا لە هەمان سەنگەرەکانەوە هەوڵدەدەن گەمارۆی کەمپەکە بدەن و گوشار دەخەنە سەر گەلەکەمان. دەبێت حکومەتی عێراق ئەمە بزانن؛ ئەو خراپەیەی بەرامبەر ئەو خەڵکە دەکرێ، بەرامبەر بەهاکانی ئێمە دەکرێ، هیچ کات قبووڵ ناکەین و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابین".
فەرماندەکەی هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) هۆشداریدا کە ''ئەگەر ئەو گەمارۆیە بەرامبەر خەڵکی کەمپەکە بەردەوام بێ، ناچار دەبین دەستوەردان بکەین و گەریلا بنێرین".
کەمپی مەخموور لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە.
کۆچبەرانی عێراق: دانیشتووانی کەمپەکە ئازادن
بەرپرسانی عێراق گەمارۆکە رەتدەکەنەوە، مانگی رابردوو عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانە بە فەرمی لە دەوڵەتی عێراق تۆمارکراون و هیچ کێشەیان نییە و ئازادن لە هاتووچۆکردن بۆ هەموو پارێزگاکان".
بەگوتەی عەلی جەهانگیر، "دانیشتووانی کەمپەکە، خۆیان هاتووچۆ ناکەن و مەترسییەکی وەهمییان بۆ خۆیان دروستکردووە".
دانیشتووانی کەمەپەکە دەڵێن، دوای رووداوێک لە هەولێر، لە ساڵی 2019ـەوە رێگە نادرێت هاتووچۆی پایتەختی هەرێمی کوردستانیش بکەن.